پەرلەمانتارێکی کورد: ھەولێر 9 مەرجی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا داناوە

 پەرلەمانتارێکی کورد: ھەولێر 9 مەرجی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا داناوە
ئەندامێکی فراکسیۆنەکوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نۆ مەرج بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی، دەداتە حکوومەتی عێراق.



ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری کورد لە عێراق بە (ئەلعەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، کە لە دوا کۆبوونەوەیاندا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتوون لەسەر ”رێگرتن لە پەرەسەندنی کێشەکان و کارکردن بۆ ھێورکردەوەی بارودۆخەکە“.



ئەشواق جاف ھەروەھا رایگەیاندووە، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نۆ مەرجی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق داوەتە حەیدەر عەبادی، کە گرنگترینیان بریتین لە؛ دەستکاری نەکردنی بەشەبودجەی کوردستان، ناردنی مووچەی فەرمانبەران و کردنەوەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانی کوردستان.



ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ھەردوو حکوومەت نەرمییان نواندووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.



رۆژی شەممە 20/1/2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومەت، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ بووەوە.




Top