پارێزگاری کەرکووک بڕیاری بۆ دەرکردنی دانیشتووانی دوو گەڕەکی کوردنشین دەدات

پارێزگاری کەرکووک بڕیاری بۆ دەرکردنی دانیشتووانی دوو گەڕەکی کوردنشین دەدات
راکان سەعید، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت بە پاساوی "زێدەڕۆیی" داوا لە کوردانی گەڕەکی کوردستان و نەورۆزی شاری کەرکووک دەکات گەڕەکەکانیان چۆڵبکەن و حەوت رۆژیش مۆڵەتی پێداون. پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگار کۆبوونەتەوە و گوتوویەتی، بڕیارەکە هەڵدەوەشێننەوە و بە هەڵە دەرکراوە.

بەپێی نووسراوێکی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، کە رۆژی 21-1-2018 ئاراستەی بنکەی پۆلیسی میقدادی کردووە، حەوت رۆژ مۆڵەت دراوەتە کوردانی دانیشتووی ئەو دوو گەڕەکە بۆ ئەوەی ماڵەکانیان چۆڵبکەن. بەپێی نووسراوەکە "ئەوانە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر موڵکی دەوڵەت".

راکان سەعید، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) رەتیکردەوە بڕیاری لەو شێوەی دابێت.

نووسراوەکەی پارێزگاری کەرکووک پشتی بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەڵوەشاوە بەستووە، کە دەست بەسەر زەوی کورد داگیراوە و بەشێک لە زەوییەکانی ئەو دوو گەڕەکە درابوونە ئەفسەرانی دەزگا ئەمنییەکانی سەردەمی حکومەتی پێشووی بەعس.

محەممەد عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگاری کەرکووک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "هیچ هێز و کەسێک ناتوانێت دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە لەو شوێنە دەربکات و ئەوانە هەر لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و بڕیارەکەش کۆتایی پێهاتووە و پووچەڵکرایەوە".

محەممەد عوسمان روونیکردەوە، لەسەر ئەو بابەتە ئەمڕۆ لەگەڵ دانیشتووانی هەردوو گەڕەک و پارێزگاری کەرکووک بە وەکالە کۆبوونەتەوە، بڕیارەکە هەڵوەشایەوە و کاری پێناکرێت. دەشڵێت " دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە هەر لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە و پارێزگاری کەرکووکیش پاساوی هێنایەوە، کە گوایە بە هەڵە تێگەیشتووە و زانیاری وردی لەسەر ئەم بابەتە نەبووە و بۆیە نووسراوەکە پووچەڵکرایەوە".

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، عەمید خەتاب، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی کەرکووک چووەتە بنکەی پۆلیسی میقداد، جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە، کە نابێت بەهیچ شێوەیەک کار بەو نووسراوە بکرێت.
rudaw -
Top