لە داڤۆس پرسە تەندروستییە هەستیارەکان گەنگەشە دەکرێن

 لە داڤۆس پرسە تەندروستییە هەستیارەکان گەنگەشە دەکرێن
لە داڤۆس لە پاڵ پرسە ئابوورییەکان هەندێک مژاری تەندروستییش گەنگەشە دەکرێن.

نموونەی نوێی تەندروستی پانێڵێکی رۆژی سێشەممە بوو و تیشکی خستەسەر نموونەکانی چاودێری تەندروستی لە جیهان، هەروەها ئەو نموونە نوێیانە دەخاتەڕوو کە تێیدا بایەخی زیاتر بە خودی نەخۆشەکە دەدرێت، هەروەها سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا بۆ گەیشتن بە چاودێرییەکی تەندروستی باشتر و پاکتریش لە رووی ژینگەییەوە.

لەم پانێڵەدا ژمارەیەک پسپۆڕی تەندروستی لە جیهان بەشدارن، لەوانە کاوری گلیمچەر سەرۆکی پەیمانگای دانا-فاربەر بۆ شێرپەنجە. لەگەڵ فرانس ڤان هووین سەرۆکی رۆیاڵ فلیپس. هەروەها عومەر ئیشراق سەرۆکی جێبەجێکاری مێدترۆنیک.

هەروەها کاژێر 16:00 لە پرێس کۆنفرانسێکدا، یەکەم پێوەری سەرسەختبوونی میکرۆبەکان بەرامبەر دەرمانە دژەزیندەکان لە جیهان رادەگەیێندرێت، کە بە بەشداری 30 کۆمپانیای دەرمان ئامادەکراوە.

ساڵانە نزیکەی 700 هەزار کەس بەهۆی ئەو بەکتریایانەوە گیان لەدەستدەدەن کە بەرگرییان بەرامبەر بە دەرمانەکان هەیە. ئەگەر چارەسەرێکیش نەدۆزرێتەوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 ئەو ژمارەیە بەرزبێتەوە بۆ 10 ملیۆن کەس.
rudaw -
Top