سوپای عێراق بە فڕۆكە هێرش دەكاتە سەر عەشیرەتەكانی بەسرا و زیقار

سوپای عێراق بە فڕۆكە هێرش دەكاتە سەر عەشیرەتەكانی بەسرا و زیقار
هێزەكانی سوپای عێراق بە بەكارهێنانی فڕۆكەی سەربازییەوە خەریكی دامركاندنەوەی شەڕی عەشایەر و حزبەكانی بەسرا و زیقارن لە باشووری وڵاتەكە.


ئەمڕۆ سێشەممە هێزە ئاسمانییەكان عێراق بۆ بەدواداگەڕانی داواكراوەكانی شەڕ و پێكدادانەكان لە شاری بەسرا و زیقاردا بەكار هێنراوە، ئەمەش دوای بەردەوامبوونی شەڕ و ناكۆكییەكانی ناوچەكە بۆ ماوەیەكی درێژ.


سوپای عێراق رایگەیاندووە چەكدارە داواكراوەكان خۆیان لە ناوچەیەكی نێوان هەردوو شاری بەسرا و زیقاردا حەشار داوە، ئەوانیش بەردەوامن لە بەدواداگەڕانیان، وەكو هەوڵێك بۆ كۆتاییهێنان بە خوێنڕشتنی عەشایەرەكانی ناوچەكە.


جەمیل شەمەری فەرماندەی پرۆسەكانی بەسرا دووپاتی كردەوە كردەوەیەكی سەربازی فرەوانیان لە ناوچەی رووباری عیز و سەغر و سنووری نێوان بەسرا و زیقار جێبەجێ كردووە، بۆ بەدواداگەڕانی تاوانباران و دەست بەسەردا گرتنی چەكە سووك و قورسەكانیان.


جێی باسە تا ئێستە هێزە ئەمنیە عێراقیەكان نەیانتوانیوە ئاسایشی شارەكانی باشوور بپارێزن و دۆخەكە سەقامگیر بكەن، لە كاتێكدا بەردەوام شەڕی عەشایەرەكان لەم ناوچانە لە پەرەسەندندان و چەكی قورسیشیان تێدا بەكاردێت، سەرباری بەردەوامی تاڵانكردنی نەوت لەلایەن عەشایەرەكانی ناوچەكەوە.
bas news -
Top