فازڵ نەبی: پێویستە بەغدا و ھەرێم لەسەر ناردنی مووچە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی
دکتۆر فازڵ نەبی، بڕیکاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نارنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە ھیچ بەھانەیەکی نەماوە تەنیا پڕۆسەی وردبینی خەریکە ئەویش جێبەجێ دەکرێت، پارەکە لەسەر ژمارەیەکی بانکی دانراوە، خۆم پێشتر ڕەشبین بووم لەوەی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام دیارە دوای ھەوڵەکانی ماوەکانی ڕابردوو، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە مووچە بنێرێت بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، کە مافی یاسایی و دەستووریی خۆیانە."
لە سەردەمی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقدا بە بڕیارێکی سیاسی، مووچە و بودجەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بڕدرا و بەغدا ئابلۆقەی ئابووریی خستە سەر ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی عەبادیش درێژەی بەو بڕیارە سیاسییە دا.
لەبارەی ئەوەی ئایا ڕوونە بەغدا مووچەی چەند مانگ دەنێرێت و دووبارە مەترسیی بڕینی ھەیە، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ناردنی پارە لە بەغداوە بەو شێوەیەی پێشوو ھەر نابێت، لەوانەیە جار جار کێشەی تێ بکەوێت و ببڕدرێت، لەبەر ئەوە پێویستە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت."
دکتۆر فازڵ نەبی گوتی: "حکوومەتی عێراق ھەندێ مەرجی دیکەی ھەیە لەسەر ھەرێمی کوردستان، ئەوانیش ڕادەستکردنی داھاتی ناوخۆ و نەوت، پێم وایە ئەگەر لە سەرەتاشدا داوای جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە نەکرێت لە کۆتاییدا داوا لە ھەرێم دەکرێ جێبەجێی بکات."
kdp -
