"بەغدا بە پیلان کورسییەکی لە واست بۆ فەیلییەکان داناوە"

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆرسییەکی کۆتای بۆ کوردانی فەیلی دیاری کرد لە پارێزگای واست، بەڵام وەک ئەندامێکی لیژنەی ھەماھەنگیی کوردانی فەیلی ئاماژەی بۆ دەکات، بە پیلانێک ئەو کۆرسییە لە پارێزگای واست دیاری کراوە و شیعە دەیەوێ بۆ خۆی ببات.

جواد مەلک شاھی، ئەندامی لیژنەی ھەماھەنگیی کوردانی فەیلی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک لیژنەی ھەماھەنگیی کوردانی فەیلی ماوەی ھەشت مانگێکە ھەوڵێکی زۆرمان داوە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە سیاسییەکان و کۆتلە کوردستانییەکان بۆ دابینکردنی کۆرسیی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی، ئێمە داوامان کردبوو کۆرسییەک لە بەغدا و یەکێک لە واست و ئەوی دیکە لە دیالە بۆ خانەقین و مەندەلی بێت، بەڵام دیارە پەرلەمانی عێراق تەنیا بڕیاری دا کۆرسییەک لە پارێزگای واست بۆ کوردانی فەیلی ھەبێت."

دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا کۆرسییەکی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی لە پارێزگای واست دیاری بکرێت و بە نوێنەرێک بەشداریی پڕۆسەی پەرلەمانی عێراق بکەن.

لیژنەی هەماهەنگی کوردانی فەیلی پێوەستە بە داکۆکیکردن لە کوردانی فەیلی و لیژنەکە لە نێوخۆی کوردانی فەیلییەوە دروستکراوە و رۆڵی وەک ئەنجوومەنێکە کە کوردانی فەیلی متمانەی پێداون. شاهی دەڵێ: "زۆربەی کوردانی فەیلی نیشتەجێی پارێزگای بەغدان، ژمارەی ئەو کوردە فەیلیانەی لە بەغدا نیشتەجێن زۆر زیاترە لەوانەی لە پارێزگای واست نیشتەجێن، مەبەست لەوەش تەنیا ئەوە بوو کوردانی فەیلیی پارێزگای واست زیاتر ئینتیمایان بۆ مەزھەب ھەیە و شیعە دەیانەوێ بەو پیلانە کۆرسیی کۆتای کوردانی فەیلی بۆ خۆیان ببەن، ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر ئەو کۆرسییە بۆ پارێزگای بەغدا دیاری بکرایە ئەوە بێگومان بۆ ھەرێمی کوردستان دەبوو ئێمەش ئەوەمان پێ خۆش بوو."

جواد مەلک شاھی ڕوونی کردەوە: "کوردانی فەیلی دڵگرانن لەو بڕیارە، چونکە ھیچ کاریگەریی لەسەر گەڕاندنەوەی مافی کوردانی فەیلی نابێت، تەنھا خالی بەھێزی لەوەدایە دانانی کۆرسییەکیش لە ھیچ باشترە، ئەگەرنا داخوازیی ئێمە ئەوە نەبووە."

وەک جواد مەلک شاھی ئاماژەی بۆ کرد: "تا ئێستا لە عێراقدا ھیچ سەرژمێرییەکی فەرمی نەکراوە و ژمارەی کوردانی فەیلی بە دروستی نازانرێت، بەڵام مەزندە دەکرێت یەک ملیۆن کوردی فەیلی ھەبن و زیاتر لە ناوچەکانی پارێزگای بەغدا و دیالە و حللە و واست نیشتەجێن و بەشێکی کەمتریش لە نەجەف و کەربەلا نیشتەجێن، ئەو نوێنەرەی کوردانی فەیلی دەڵێ: "ئێستا ھیچ کوردێکی فەیلی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نییە، بەڵام لە خولەکانی ڕابردوودا ھەشت پەرلەمانتاری فەیلی ھەبوون لەسەر لیستی کورد و شیعە بەشدارییان کردبوو."
kdp -
Top