تاریق گەردی: کاری دادگای فیدڕاڵ نییە لەسەر پرسێکی وەھا روونی نێو دەستوور قسە بکات

تاریق گەردی: کاری دادگای فیدڕاڵ نییە لەسەر پرسێکی وەھا روونی نێو دەستوور قسە بکات
دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوێکی دادگای فیدڕاڵ لەبارەی دیاریکردنی سنووری ناوچە کێشەلەسەرەکانی عێراق، ھیچ ئاماژەیەک بە کەرکووک نەکراوە. نوێنەرێکی کورد لەوبارەوە دەڵێ، کاری دادگا نییە لەسەر پرسێکی وەھا روونی نێو دەستوور قسە بکات.

نوێنەرێکی کریستیان داوایەکی ئاراستەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کردووە تا سنووری ئەو ناوچانەی ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە دیاری بکرێن، دادگای فیدڕاڵی عێراقیش لە وەڵامدا ئاماژەی بە ھەردوو ماددەی ٥٣ و ٥٨ی یاسای بەڕێوەبەریی دەوڵەتی عێراق، حکوومەتی کاتی کردووە، لە کاتێکدا ماددەی ٥٨ بە روونی ئاماژە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکات کە کەرکووک یەکێکە لەو ناوچانەی دەکەوێتە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە، ھەر ئەوەش گواستراوەتەوە بۆ نێو ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.

دکتۆر تاریق گەردی، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەوبارەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "بەپێی ھەموو پێوەرە دەستووری و پەرلەمانی و یاساییەکان، وەڵامی دادگای فیدڕاڵی عێراق راست نییە، چونکە ماددەی ١٤٠ی دەستووری، بە ئاشکرا باسی لەوەکردووە کەرکووک دەبێت ئاسایی بکرێتەوە، دواتر سەرژمێری و پاشانیش راپرسی بکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسەکەی، کەواتە کەرکووک ناوچەی کێشەلەسەرە."

لە دەستووری عێراقدا ماددەی ١٤٠ تەرخان کراوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ھەموو ئەو ناوچانەی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدادا ناکۆکییان لەسەرە، بەڵام هێشتا حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، ئامادە نەبوون دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکەن.
دکتۆر تاریق گەردی نایشارێتەوە کە ھیچ ھەوڵێکیان بۆ وەڵامدانەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق نەداوە، چونکە وەک ئەو جەخت دەکاتەوە، پرسەکە روونە و پێویستی بە دادگا و پەرلەمانیش نییە و ڕوونی کردەوە، "کاتێک دادگا شرۆڤەی دەقێکی یاسایی دەکات، کە روون و ئاشکرا نەبێت. حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ـوە لیژنەی تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە داناوە و خەڵک قەرەبوو کراونەتەوە، زۆرێک لەو عەرەبە ھاوردانەی کەرکووک لەلایەن عێراقەوە گەڕێندرانەوە شوێنی پێشووی خۆیان، تەنیا کێشەکە لە جێبەجێکردنی بڕیار و ماددەی دەستووریدا ھەیە."
kdp -
Top