ماتیس:لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەرعەفرین بەربەستی بۆ کۆتایی پێھێنانی داعش دروستکردووە

ماتیس:لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەرعەفرین بەربەستی بۆ کۆتایی پێھێنانی داعش دروستکردووە
ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بەربەستی دروستکردووە بۆ ھەوڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ کۆتایی پێھێنانی داعش لە باکووری سوریا ، و ئەنجامدانی کاری مرۆیی فریاگوزاریی.

جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە دوای سەردانێکی بۆ ئەندەنوسیا بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە" لەکاتێکدا ئەمەریکا ھاوخەمی خۆی دەردەبڕێت بۆ نیگەرانییەکانی تورکیا بۆ ئاسایشی سنورەکانی، واشنتۆن دەیەوێت ئەنقەرە لەشکرکێشی خۆیان لەناو سوریادا سنورداربکەن."

رۆژی شەممەی ڕابردوو تورکیا لەڕێگای فرۆکەی جەنگی و لەشکرکێشی زەمینییەوە ھێرشی کردەسەر کانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. تورکیا دەیەوێت بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر ئەوەی ناوی ناوە "ھەرێمی ئارام" لەناو سوریادا دروستبکات.

لەگەڵ بەردەوامبوونی لەشکرکێشی و ھێرشەکانی تورکیا بۆسەر عەفرین، ماتیس ئەمرۆ ئاستی نیگەرانی خۆی لەو ھێرشانە بەرزترکردەوە و ڕونیکردەوە ڕەنگە ھێرشەکانی تورکیا لەلایەن چەکدارانی داعش و ئەلقاعیدەوە بەخراپی بەکاربھێنرێت، لەکاتێکدا " ئێستا ئەمەریکا سەرنجی لەسەر ئەو دوو رێکخراوە نەماوە.

" کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەی عەفرینی سوریا گەیشتبووە خاڵێک کە بەشێوەیەک ھاوکاری پێویستی مرۆیی دەگەیشت و ئاوارەکان دەگەڕانەوە. بەڵام ئەم ھێرشانەی تورکیا بەشێوەیەکی ڕوون کۆست دروستدەکات بۆ ئەو ھەوڵانە،" ماتیس وای ووت.

ژمارەی کوژراوانی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانی سوپای تورکیاوە بۆ سەر ناوچەی عەفرین بۆ ١٨ کەسی سیڤیل بەرزبووە، کە لە نێوانیاندا ژن و منداڵیش ھەن.
کینو گابرێیل، کینو گابریێل، وتەبێژی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ٢٣ کەسی دیکەش لە ھێرشەکانی سوپای تورکیا بریندار بوون.

ئاماژەشی بەوەشکردووە کە لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ٤٠ چەکداری سەر بە گروپەکانی سوپای سوریای ئازاد، و سەربازی تورکیا کوژراون، و نزیکەی ٣٠٠ چەکدار، و سەرباز بریندار بوون، و لەو شەڕانەدا سێ شەڕڤانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە عەفرین شەھیدبوون.









باسنيوز
Top