خورماتوو.. تورکمانێکی شيعە کرایە قایمقام

خورماتوو.. تورکمانێکی شيعە کرایە قایمقام


بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خورماتوو، ئاماژە بەوە دەدات، کە بەشێوەیەکی نایاسایی تورکمانێکی شیعە مەزھەب کرایە قایمقامی خورماتوو.



ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە خورماتوو، ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/1/2018، ئەنجومەنی شاری خورماتوو بەبێ ئامادەبوونی کوتلەی کوردی، کۆبوونەوەیەکی نایاساییان ساز دا و تێدا حەسەن زەینئەلعابدین کە تورکمانێکی شیعە مەزھەبە بە قایمقامی خورماتوو دیاری کرد".



بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی لە خورماتوو، ئەوەشی خستە روو، کە پێش کۆبوونەوەکە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئەندامانی کوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی شاری خورماتوویان بردووەتە رێکخراوی بەدری سەر بە حەشدی شەعبی، لەوێ لە ژێر ھەڕەشەدا پێیانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت دەنگ بە کاندیدەکەیان بدەن، پاشان ئەوانیش چوونەتە کۆبونەویەکەوە و دەنگیان بە دانانی ئەو تورکمانە شیعەمەزھەبە داوە".



لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، داگیرکردنی شاری خورماتوو لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، شەلال عەبدول قایمقامی خورماتوو وەک دەیان ھەزار خەڵکی شارەکە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، بەڵام بە ھۆی ئەوەی کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھەڕەشەن بۆ سەر خەڵکی خورماتوو قایمقامی خورماتوو نەگەڕاوەتەوە سەر کارەکەی.



زانیویەتی کە قایمقامی خورماتوو مۆڵەتی فەرمی لە پارێزگاری سەڵاحەدین وەرگرتووە.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.


ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".


ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
bas news-
Top