سلێڤانەیی: بڕیارمان داوە بایكۆتی كۆبوونەوە بكەین و ئه‌مڕۆش بەشداری ناكەین

 	 سلێڤانەیی: بڕیارمان داوە بایكۆتی كۆبوونەوە بكەین و ئه‌مڕۆش بەشداری ناكەین
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوە لەبارەی دوو تەوەری گرینگەوە بكات، كە بریتین لە پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان و پڕۆژەیاسای بوودجە، ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێ، "ئێمە وەكوو كورد بایكۆتی كۆبوونەوەكە دەكەین".

بە ھۆی جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانی كورد لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق، فڕاكسیۆنە كوردییەكان بڕیاریان داوە كە بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجە بكەن، دوێنێیش بایكۆتیان كرد و بڕیارە ئەمڕۆیش بە ھەمان شێوە بایكۆتی بكەن.

لەو بارەیەوە، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرحان سلێڤانەیی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە كارنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ھاتووە كە بڕیارە سەعات یەكی پاشنیوەڕۆ بەڕێوە بچێت و گفتوگۆ لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا دەكرێت و، خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق دەكرێت، بەڵام ئێمە بە ھۆی ئەوەی بوودجە لە كارنامەی كۆبوونەوەدا ھەیە، بایكۆتی كۆبوونەوەكە دەكەین".

سلێڤانەیی گوتیشی، "سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق دەیەوێت بە فێڵی گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنەكانەوە، ئێمە و سوننە بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا بكەین، كە نیسابی یاسایی تەواو بێت و خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بوودجە بكات، بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە بایكۆتی كۆبوونەوە بكەین و بەشداری ناكەین".

گرینگترین داواكاریی كورد لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق، گۆڕینی ناوی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستانە بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، هەروەها پشكی ھەرێمی كوردستانیش لە ١٧% كەمتر نەبێت وەكوو ئەوەی لە دەستووردا ئاماژەی بۆ كراوە.
kdp-
Top