ئەڵمانیا لە مەشق و ڕاھێنانیان بە ھێزەکان پێشمەرگە بەردەوام دەبێت
ئەمڕۆ سێشەممە 12/12/2017، پەیجی دژە تیرۆری کوردستان، بڵاوی کردووەتەوە، کە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بۆندستاگ) بە زۆرینەی دەنگ، بڕیاری دا ماوەی بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی داعش درێژ بکاتەوە، لەم سونگەوەش مەشق و راھێنانی سەربازی بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، یەکێکە لە ئەرکەکانی ئەو وڵاتە لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
بە گوێرەی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا، بەشداریکردنی ئەو وڵاتە، لە ئۆپەراسیۆنەی سەربازی (سی گاردیان) کە ناتۆ سەرپەرشتی دەکات، بەردەوام دەبێت.
بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا، بە 436 دەنگی بەڵێ، 226 دەنگی نەخێر و 10 دەنگی بەتاڵ، ماوەی بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە داعش درێژ کردەوە.
لە ئێستاش نزیکەی 140 راوێژکاری سەربازی ئەڵمانی، لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە ھەرێمی کوردستانن و بارەگەکاشیان لە شاری ھەولێری پایتەختە.
ئەرکی سەرەکی ئەو راوێژکارە سەربازییانەش، مەشق و راھێنانی سەربازییە بە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە لە شەڕی دژی داعش، وەک دیارترین ھێزی سەر زەمین، جەنگاون و داعشیان تێکشکاند.
bas news-
