شارهزوور.. دەست بەجێبەجێكردنی پڕۆژهی دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری دەكرێت
قایمقامی شارۆچكەی شارەزوور ئاشكرای دەكات له داهاتوویهكی نزیكدا دەست دەكرێت بەدانانی جۆزە بۆ كارەبای نیشتیمانی ماڵان و بۆ ئەوەش دەستكراوە بەراسپاردنی ژمارەیەك كۆمپانیا بۆ هێنانی ئەو جۆزانە.
رزگار غەفور، قایمقامی شارۆچكەی شارەزوور، لەلێدوانێكیدا راگەیاند: " لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسانی باڵای بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، گفتوگۆمان كردووە سەبارەت بەبەدواداچوون بۆ دانانی جۆزەی (20) ئەمپێری بۆ سنووری شارۆچكەی شارەزوور".
گوتیشی: "هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رەزامەندی پێشانداوە بە نووسراو قایمقامیەتی شارەزووریان ئاگاداركردووهتەوە و ئێستا دڵنیایی تەواومان پێدراوە بۆ دەستكردن بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسەیە كە سودێكی زۆری بۆ باشتركردنی رەوشی كارەبا لەسنوورەكەمان و پارێزگای سلێمانی دەبێت".
روونیشیكردەوە، لەماوەیەكی زۆر نزیكدا دەستدەكرێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لەسنوورەكەماندا و ئێستا ژمارەیەك كۆمپانیای كەرتی تایبەت راسپێردراون تاوەكو ئەو جۆزانە لەدەرەوە بۆ ناوەوەی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی هاوردە بكەن.
bas news-
