ئەلحوێت: عەبادی لە تەنگانەدا هانای بۆ پێشمەرگە هێنا ئێستاش لە فیتنە دەگەڕێ
پێشمەرگە یەکەم هێز بوو لەسەر زەوی توانی ئووستورەی داعش تێک بشکێنیت، نەک تەنیا لە لە خاکی عێراق، بەڵکو لە ڕۆژئاوای کوردستان توانی کۆبانی لە دەست داعش دەربهێنیت بە هاوکاریی ئەو هیزانەی لەوێن.
(حەیدەر عەبادی) لە ڕاگەیاندنی ڕزگارکردنی تەواوی خاکی عێراقدا باسی هەموو ئەو هێزانە کرد کە دەستیان هەبووە لە زرگارکردنی خاکی عێراقدا، کەچی بە یەک وشەش باسی پێشمەرگەی نەکرد لەم بارەوە، (مزاحم ئەلحوێت)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''چۆن لەڕووی (عەبادی) دێت، کە باسی پێشمەرگە نەکات، چونکە پێشمەرگە یەکەم هێزە توانی ئوستوورەی داعش تێک بشکێت، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە ئێستا نەک کوردستان، بەڵکو تەواوی جیهانیش لە ژێر هەڕەشەی تیرۆردا دەبوو."
زۆر جار بەرپرسە باڵاکانی جیهان باسی قارەمانیەتیی پێشمەرگە دەکەن و لە مەحفلە نێودەوڵەتییەکانیشدا ڕۆڵیان بەرز نرخاندووە، کە توانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لەناو ببات و بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەم قارەمانیەتییەی بەرز نرخاندووە.''
ئاماژە بەوەش دا: ''ناونەهێنانی پێشمەرگە عەیبێکی گەورە بوو بۆ (عەبادی) بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کەچی دنیا هەمووی دەزانێت پێشمەرگە لە ڕووبەرێکی گەورەوە توانی بەرسنگی داعش بگرێت، بەڵام (عەبادی) ئەوەندە غروور بووە، ناوی هێزێکی وەک پێشمەرگە لە ڕزگارکردنی خاکی عێراقدا نەهێنا ئەمەش نیشانەی فیتنە و تایفگەرییە لە ئەو ئەقڵیەتەدا و لە فیتنە دەگەڕێ."
(ئەلحویت) گوتیشی: ''پێشمەرگە دەریایەک خۆینی ڕشتووە، نەک بە تەنیا بۆ ناچە کوردستانییەکان، بەڵکو گیانی عەرەبەکانیشی پاراستووە و یەکەم هێزە بڕوامان پێی دێت، کە گیانمان بپارێزیت و، پێشمەرگە لە جەنگی دژەتیرۆردا نزیکەی ٢ هەزار شەهیدیان داوە و ئەمە جگە لە برینداوەکانیش، ئەی هەموو ئەمانە نەکەوتوونەتە پێش چاوی (عەبادی).''
گوتەبێژی هۆزە عەرەبەکانی نەینەوا ئاماژەیشی دا: ''نازانین (عەبادی) چۆن موژدەی سەرکەوتن ڕادەگێنیت، کەچی هێشتا بە سەدان کچ و خوشکی کوردانی ئێزدی لە دەست داعشدا ماون، ئەی ئەمە چ سەرکەوتنێکە (عەبادی) خۆی پێ سەربەرز بکاتەوە.''
kdp-
