هێزە عێراقییەکان دوو پێشمەرگەی حزبێکی ڕۆژهەڵاتیان دەستگیر کردووە

 	 هێزە عێراقییەکان دوو پێشمەرگەی حزبێکی ڕۆژهەڵاتیان دەستگیر کردووە
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ئاشکرای دەکات، نزیکەی مانگێکە هێزەکانی عێراق لە نزیک شاری کەرکووک دوو پێشمەرگەی ئەو حزبەیان دەستگیر کردووە.

ئەو حزبەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایگەیاندووە، ڕۆژی ١٧ی نۆڤەمبەری ڕابردوو کاتێک دوو پێشمەرگەیان لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر چوونە، لە بازگەیەکی نزیک شاری کەرکووک، کە سەر بە سوپای عێراقن، دەستگیر کراون.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، کە دانەیەکی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتووە، دەڵێت: "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ هەر لە یەکەم ساتەکانی ئەو ڕووداوەوە لە ڕێگەی دامودەزگا پێوەندیدارەکانەوە لە باشووری کوردستان لە هەوڵی ئازادکردنی ئەو پێشمەرگانەدایە. جێی ئاماژەیە ئەو پێشمەرگانە هیچ یاسایەکی هەرێمی کوردستان، یان عێراقیان پێشیڵ نەکردووە و هیچ پاساوێکیش بۆ دەستیگرکردنیان نییە و دەبێت ئازاد بکرێن."

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران جەخت دەکاتەوە، کە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی پێشمەرگەکانیان بەردەوامە.

ئەو حزبە ڕۆژهەڵاتییە، زۆربەی بارەگاکانی لە سنووری شاری سلێمانییە و لە هەولێر تەنیا بنکەی نوێنەرایەتیان هەیە.
kdp-
Top