پارێزگاری سەڵاحەدین سەردانی خورماتوو دەکات
محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، ڕای گەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 11/12/2017، ئەحمەد عەبدوڵا جبوری، سەردانی خورماتووی کردووە و لەو سەردانەیدا سەردانی گەڕەکە تورکمان نشینەکانی کردووە، بەبێ ئەوەی سەردانی گەڕەکە کوردنشینەکان بکات، کە لەلایەن حەشدی تورکمانییەوە زیانی گەورە بەر ئەو گەڕەکانە کەوتووە".
ئەوەشی خستەڕوو، گەڕەکە کوردنشینەکانی خورماتوو، لە لایەن میلیشیاکانی حەشی شەعبییەوە، زۆرینەی خانووەکان بەتاڵان براون، یان سووتان، یاخود تەقێنراونەتەوە.
ئامانج لە سەردانەکەی پارێزگاری سەڵاحەدین بۆ خورماتوو، ئامادەبوونی بووە لە دەستنیشانکردنی تورکمانێکی شیعەی سەر بە حەشدی تورکمانی، بۆ وەرگرتنی پۆستی قایمقامی خورماتوو، بەڵام بەھۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی لە ئەنجومەنی قەزای خورماتوو، نەتوانرا کاندیدەکەی حەشدی تورکمانی بکرێت بە قایمقام.
قەزای خورماتوو، لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە و دانیشتووانەکەشی لە کورد، عەرەب، تورکمانی شیعە و سوننە پێکدێت.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەت کار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
باسنیوز
