قسەکانی كوڕەكەی جەنگی لە کۆنگرەی مەنامە نیگەرانیی لایەنگرانی یەکێتی زیاتر دەکات

 قسەکانی كوڕەكەی  جەنگی لە کۆنگرەی مەنامە نیگەرانیی لایەنگرانی یەکێتی زیاتر دەکات
دوو لایەنگری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕەخنە لە قسەکانی لاهور جەنگی دەگرن کە لە کۆنگرەیەکدا لە کەنداوی عەرەبی پێشکەشی کرد و نایشارنەوە کە بە ”کۆنگرە و قسەکردن لە 16ی ئۆکتۆبەر پاک نابێتەوە“.



لە میانی بەشداریکردنی کۆنگرەی (مەنامە) لە بەحرەین، لاهور جەنگی پرسیاری ئەوەی ئاراستەی ئەمریکییەکان کرد کە ئاخۆ بۆچی بەرامبەر بە بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی لە دژی پێشمەرگە و فراوانخوازیی ئێران بێدەنگ بوون و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە قسەکردنەکەی خۆی وەک بەڵگەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی تێوەگلانی لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بڵاو کردەوە.



لە بەرامبەردا ڕێباز ئەحمەد غەفوور کە پێشووتر کادیری مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی بووە و ئێستاش لە دەرەوەی وڵات وەک رەخنەگرێک لە حزبەکەی بەردەوامی بەکاری خۆی دەدات، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”یەکێتی بەتایبەت ئەوانەی لە 16ی ئۆکتۆبەر دەستیان ھەبووە، دەبێت سەرەتا بەرچاوڕوونی بدەنە جەماوەری یەکێتی کە ئەوەی لە کەرکووک ڕووی دا، چی بوو؟ دواتر باسی ئەوە بکەن کە بۆچی حەشدی شەعبی چەکی ئەمەریکی بەکارھێناوە؟“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ”ئێستا حەشدی شەعبی بۆ بەشێک لە یەکێتی نامۆ نییە، بەڵکوو ئیدارە و بەرپرسانی یەکێتی لە کەرکووکن و پشتیوانی لە ڕەوشی کەرکووک دەکەن، واتە لاھور جەنگی پێش ئەوەی پرسیار لە ئەمریکییەکان بکات، دەبێت پرسیار لە یەکێتی و خۆیان بکات کە کێ بوو دەستی حەشدی گرت؟ ئەگەر ئەمە بۆ ئەوەیە کە ئاراستەی ڕووداوەکان لەسەر خۆیان بگۆڕن، ئەوە کادیرانی یەکێتی لەو باوەڕەدا نیم بڕوا بەو قسانە بھێنن".



لەلایەن خۆیەوە فەرید زامدار، دۆستی تاڵەبانی و کادیری پێشووی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لاھور جەنگ بەسەدان کۆنگرەی دیکەش، ناتوانێ پاساو بۆ ئەو رێککەوتنە نھێنییە بهێنێتەوە کە لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی بۆ فرۆشتنی کەرکووک لەگەڵ چەند لایەنێکی دەرەکی ئەنجامیان داوە“.



باسیشی لەوە کرد کە ”هەق نەبوو لاهور جەنگی ئەو پرسیارە لە ئەمەریکییەکان بکات، بەڵکوو دەبووایە لە خۆیان بپرسێت ئەگەر ئەوان نەبوونایە، حەشدی شەعبی بە چەکی ئەمەریکی لە کەرکووک دەسووڕانەوە؟“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە قسەکانی لاهور جەنگی لە کۆنگرەی مەنامە، بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە. دەشڵێت: ”دەبووایە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ئەو پرسیارەی بکردایە، چونکە ئەو بوو بەرگری لە کەرکووک کرد".



باسنيوز
Top