مەحمود سەنگاوی هێرش دەكاتە سەر قوباد تاڵەبانی

مەحمود سەنگاوی هێرش دەكاتە سەر قوباد تاڵەبانی

لە دوو لێدوانی جیاوازدا، هەریەك لە مەحمود سەنگاوی و قوباد تاڵەبانی هێرشی توند دەكەنە سەر یەكتری، سەنگاوی دەڵێ تاڵەبانی بەس خەمی مانەوەیەتی لە پۆستەكەی و تاڵەبانییش دەڵێ سەنگاوی پیاوكوژە و سەرانە لە خەڵك وەردەگرێ و چەكی پێشمەرگە بە قاچاخ دەفرۆشێ.


ئەمڕۆ یەكشەممە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا گرتەیەكی ڤیدیۆیی لێكدراو بڵاوبووەتەوە، تیایدا مەحمود سەنگاوی ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى و بەرپرسی میحوەرى گەرمەسێرى هێزەکانى پێشمەرگە لە وتارێكیدا جەماوەریدا، بە توندی هێرش دەكاتە سەر قوباد تاڵەبانی، لە بەشی دووەمی ڤیدیۆكەشدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ توندتر وەڵامی دەداتەوە.


مەحمود سەنگاوی لە لێدوانەكەیدا هێرش دەكاتە سەر قوباد تاڵەبانی و دەڵێ "هەر بە دوای مەسئولیەتن و دوعا دەكەن خوایە ئەم پۆستەم لێ نەستێنیەوە، كورە داڕزان باشترە لەو مەسئولیەتە".


سەنگاوی دەشڵێ "قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتە، بەڵام نوێنەرێكی زەعیفی یەكێتیە، با بێت لە كەسوكاری شەهیدان و خەڵك و كادیرەكانی یەكێتی بپرسێتەوە، خۆ ئەومان بۆ موبارەكی نەناردووەتە حكومەت".


لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بە بێ ئەوەی ناوی بێنێت، وەڵامی مەحمود سەنگاوی دەداتەوە و دەڵێ "كاتێ لە كوردستان دەقەومێ، بەرەی جەنگ چۆڵ دەكەن و چەكوتەقەمەنی بەجێ دێڵن و ئەوەی دەیشهێننەوە، لە بازاڕ بە قاچاخ دەیفرۆشنەوە، دێنە سەر تەلەڤزیۆنیش باسی گەندەڵی دەكەن".


قوباد تاڵەبانی زیاتر باسی سەنگاوی دەكات و دەڵێ "فیرعەن هەن لەم كوردستانە، زەوی داگیر دەكەن و ڤێلا دروست دەكەن، هەزارویەك ئیشی خراپ دەكەن و رۆژنامەنووس دەكوژن، خۆیان و كامل بۆیاخیان سەرانە لە خەڵك وەردەگرن و دێنە سەر تەلەڤزیۆن باسی گەندەڵی دەكەن".
bas news-
Top