"هەڵسوکەوتی میلیشیای حەشدی شەعبی، دەبنە بەڵگە و پاساو"
دوێنێ شەممە، تەلەڤزیۆنی "عەهد"ی سەربە (قەیس خەزعەلی) فەرماندەی گرووپی "عەسایب ئەهلولحەق"، دیمەنی ئامادەبوونی (خەزعەلی) بە جلی سەربازییەوە لە باشووری لوبنان کە دەکەوێتە سەر سنووری ئیسرایل بڵاو کردەوە و، وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکدا دەرکەوتووە، لە دەورووبەری چەکداری میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی هەن و یەکێکیان بۆ (خەزعەلی) نەخشەی ئەو سنوورەی لێی وەستاون شیی دەکاتەوە، هەروەها بۆی ڕوون دەکاتەوە کە جۆلان دەکەوێتە کوێوە و هێزەکانی ئیسرایل چەن لێیەوە دوورن.
هەر لەو گرتەیەدا دەرکەوتووە کە، (خەزعەلی) ئامێری بێتەل قسە دەکات و دەڵێ، "من ئێستا لەگەڵ برایانم لە حزبوڵڵا، لە دەروازەی (فاتمیە)م، لەسەر سنووری باشووری لوبنان و فەلەستینی داگیرکراو."
ئەو دەڵێ "لەبەرانبەر داگیرکاریی ئیسرایل، لێرەوە پشتیوانیمان بۆ گەلی لوبنانی ڕادەگەیێنین."
(د.محەممەد بازیانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی حەشد دەبنە بەڵگە و پاساو کە مەرجەعیەت بە فەتوایەکی تر ئەو هێزە میلیشیایە هەڵوەشێنێتەوە".
بە فەتوایەکی مەرجەعی شیعە (عەلی سیستانی) لە حوزەیرانی ٢٠١٤ حەشدی شەعبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش دامەزرا، لە کاتێکدا هەر دوێنێ سەرۆکوەزیرانی عێراق (عەبادی) کۆتاییهاتنی داعشی لە وڵات راگەیاند، (بازیانی) پێی وایە بە حوکمی نەمانی داعش، هاوکات ئەو گوشارەی وڵاتانی هاوپەیمان بە تایبەت ئەمەریکا لەسەر حکوومەتی عێراق هەیە، ئەو میلیشیایە هەڵبوەشێتەوە، دەشڵێ "مەرجەعی شیعە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە میلیشیایەدا هاوکار دەبێت و، هەرگیز مەرجەعی شیعە بڕیاری دژ بە ئەمەریکا و تەنانەت ئیسرائیلیش دەرنەکردووە".
لە دوای بڕیارەکەی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (دۆناڵد ترامپ) بە ناساندنی قودس (ئۆرشەلیم) بە پایتەختی ئیسرایل، کە داوایشی لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد، رێوشوێنی گواستنەوەی کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم بگوازنەوە، وێڕای ناڕەزایی زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکان، چەند هێزێکی میلیشاکانی حەشد، دەستیانکردووە بە ناونووسکردنی ئەو کەسانەی گوایە دەیانەوێت قودس رزگار بکەن، تاوەکو لە چوارچێوەی هێزێکدا کۆ بکرێنەوە، (محەممەد بازیانی) لەوبارەوە دەڵێ: "ئەو کارەی میلیشیاکان بە بەڵگە و هێنانەوەی پاساوی زیاتر بۆ ئەمەریکا و مەرجەع دەداتە دەستەوە، تاوەکو هەرچی زووترە بە فەتوایەک هەڵوەشێندرێتەوە".
kdp-
