كوردستانێكی بههێزیان لا گرینگه.. یەکێتیی ئەورووپا سەرقاڵی داڕشتنی سیاسەتێکی نوێیە بەرامبەر عێراق
(دلاوەر ئاژگەیی) نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بە یاوەریی (زانا کوردە)، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، نوێنەری ١٢ وڵاتی یەکێتیی ئەورووپایان بە جوودا بینیوە و سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سێ وڵاتیان کردووە.
لە میانەی ئەو کۆبوونەوانەدا کە زۆری لە میدیاکان بڵاو نەکراونەتەوە، کۆبوونەوە لەگەڵ کاردبەدەستانی باڵا و باڵیۆزی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپادا کراوە.
لە لێدوانێکدا (دلاوەر ئاژگەیی) ڕایگەیاند، کە ئامانجی سەرەکی لەم زنجیرە کۆبوونەوانە بریتی بوونه لە شیکردنەوەی ڕووداوەکانی دوومانگی ڕابردوو و ڕەوشی ئێستا و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە و دانوستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
لە ئێستادا یەکێتیی ئەورووپا سەرقاڵی داڕشتنی سیاسەتێکی نوێیە بەرامبەر عێراق و، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئاستی باڵیۆز و بیرۆکراتەکان چەندین وێستگەی کۆبوونەوەیان ئەنجام دراون و، وههایش بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ١١-١٢-٢٠١٧، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کۆ ببنەوە بۆ تاووتوکردنی هێڵە گشتییەکانی ئەو سیاسەتە نوێیە بەرامبەر عێراق.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لهوبارهوه ڕایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەکانیاندا ئەوەی بەدییان کردووە، وڵاتانی گەورەی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا و هەروەها وڵاتانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی یەکێتیی ئەورووپا، هەڵوێستێکی ئەرێنییان بەرامبەر هەرێمی کوردستان و لە تەواوی ئەو پرسانەدا هەیە کە بە نیسبەت هەرێمی کوردستانەوە گرینگن، هەروەک مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و ماددەی ١٤٠ و پێویستنەبوونی میلیشیا شیعەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ههروهها ڕایگەیاند، داوایەکی سەرەکیی ئەوان ئەوە بووە، کە یەکێتیی ئەورووپا جەخت لە سەر کیانی هەرێمی کوردستانی بەھێز و مافەکانی گەلی کوردستان بکاتەوە. هەروەها گوتی ''ئەو ئاماژانەی لە دووتوێی کۆبوونەوەکان وەرمانگرتووە ئەوەیە، کە یەکێتیی ئەورووپا سیاسەتێکی هاوسەنگتری دەبێ، هاوکات ئاماژەیان بەوەدا کە گوشاری سیاسی بۆ سەر حکوومەتی (عەبادی) دروست دەکەن بۆ ئەوەی چیتر کات نەکوژێ و بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و دەستپێشخەری بکات بۆ جێبەجێکردنی بڕگە دەستوورییەکان. ئەمە لە ڕوانگای یەکێتیی ئەورووپاوە گرینگە، چونکە وڵاتانی ئەورووپایی ئەو راستییە بە باشی دەزانن کە بەبێ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەستەمە سەقامگیری و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.''
kdp-
