لە شارەزوور ژمارەیەک قوتابخانە دادەخرێن

 لە شارەزوور ژمارەیەک قوتابخانە دادەخرێن
بەڕێوەبەری پەروەردەی شارۆچکەی (شارەزوور)ی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئاشکرای دەکات، کە بە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک قوتابخانە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکەیان داخران ‌و کێشەی میلاکیان ھەیە.

محەمەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور، ڕایگەیاند: "بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، ھەر قوتابخانەیەک لە 15 قوتابی کەمتری ھەبێت، دەبێت قوتابخانەکە دابخرێت و قوتابییەکانی بگوازرێنەوە بۆ نزیکترین قوتابخانە لێیانەوە، بۆیە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، قوتابخانەکانی ژمارەیەک گوند داخراون و بەشێکی دیکەیشیان تێکەڵکراون".

دەشڵێت: "بە نموونە گوندی بێسەڵمێن، کە دەکەوێتە سنووری پەروەردەکەمانەوە، کێشەی کەمی قوتابییان نەبوو، بەڵکو کێشەی پسپۆڕییان ھەبوو، ئەوان 21 قوتابییان ھەبووە، بەڵام شەش مامۆستای بەکالۆریۆسیان بۆ دانرابوو، لەکاتێکدا لەناو شار قوتابخانە ھەیە، 450‌ قوتابی ھەیە و بە ناچاریش خوێندنی ئەو قوتابخانەیەشمان ھەڵپەسارد و قوتابییەکانیشیان نێردراون بۆ نزیکترین گوند لێیانەوە".

بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەمساڵیش کێشەی کەمی میلاکی مامۆستایان ھەیە و سەرووی خۆیانیان لێ ئاگادار کردووەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەکەن.










باسنیوز
Top