عارف ڕوشیدی: عەقڵیەتی کۆنی سەركردە عێراقیەكان کە کیمیایی بەسەر خەڵکی هەڵەبجە و ئەنفالی بارزانی ، کرد لە مێشکی بەشێک لە سەرکردەکانی عێراقدا ماوە

عارف ڕوشیدی: عەقڵیەتی کۆنی سەركردە عێراقیەكان کە کیمیایی بەسەر خەڵکی هەڵەبجە و ئەنفالی بارزانی ، کرد لە مێشکی بەشێک لە سەرکردەکانی عێراقدا ماوە
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر قسەکانی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەردەبڕن و پێیان وایە قسەکانی خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراق ناکات.



سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا بە بۆنەی سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا جگە لە پێشمەرگە سوپاسی سەرجەم هێزە عێراقییەکانی کرد، ئەم گوتارە کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانە و عارف ڕوشیدی ڕاویژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: "هێشتا عەقڵیەتی کۆنی عەرەبی و عێراقی کە کیمیایی بەسەر خەڵکی هەڵەبجە و ئەنفالی بارزانی و جینۆسایدی شەنگالی کرد لە مێشکی بەشێک لە سەرکردەکانی عێراقدا ماوە."



ئەو ڕاوێژکارەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی: "پێشمەرگە هەزاران شەهیدی لەپێناو ئازادیی کوردستاندا داوە و داعشی لەناو بردووە، لە کاتێکدا دروستبوونی داعش هەڵەی عێراق بوو، کەچی هێشتا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت نکووڵی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات، ئەم عەقڵیەتە جگە لەوەی گفتوگۆی هەولێر و بەغدا دوورتر دەخاتەوە، لە هەمانکاتدا کار دەکات بۆ دروستبوونی ناکۆکیی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا".



عارف ڕوشدی لە درێژەدا ڕاشی گەیاند: "زۆر گرفت هەیە کە غدا لەڕێگای ڕاگەیاندنەوە دروستی کردووە و ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە، بەغدا دەیتوانی بچێتە مووسڵەوە، خێرە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەو شێوە ڕەفتار دەکات؟".



لە کۆتاییدا ئەوەشی خستە ڕوو: "گوتاری عەبادی ئاگری بەردایە پەیوەندییە سیاسییەکانی هەولێر و بەغدا و ئەو متمانەیەی هەبوو نەهێشت، چونکە تا ئێستاش پێشمەرگە لە دەرەوەی دامەزراوەکان سەیری دەکەن".



هاوکات ڕێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ (باسنیوز) گوتی: "یەکێتی نیگەرانە و دەبوو عەبادی لە گوتاری خۆیدا باسی پێشمەرگەی بکردبایە پێشمەرگە خوێنی ڕشتووە و قوربانی داوە و شەهیدی هەبووە، ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە ئێستا دۆخی عێراقیش لەم ئاستە نەدەبوو، داعش هۆکاری سەرەکیی پارچەبوونی عێراق بوو، پێشمەرگە بڕبڕەی پشتی داعشی تێکشاند ئێستا بەم گوتارە دووبارە زامی کوردستان کولایەوە و بەداخەوە دەبوو باسی پێشمەرگە بکرابایە".



ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئەوەشی خستە ڕوو: "بەداخەوە کە بەم چاوە سەیری پێشمەرگە دەکرێت لە عێراقدا".



هەر لەم پەیوەندییەدا موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی: "پێشمەرگە ڕۆڵی قارەمانانەی لە سەرکەوت بەسەر داعشدا بینی، پێشمەرگە هۆکاری لەناوبردنی داعش بوو، ئەو لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی دەکرد، بەداخەوە دەبوو سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەی لەبیر نەکردایە و لە هەمانکاتدا ناکرێت، عێراق بەم عەقڵیەتەوە مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکات، چونکە ئێستا کوردستان داوای گفتوگۆ دەکات، تۆ کاتێک بەم شێوە هێڵی سوور بەسەر پێشمەرگەدا دەهێنێت ئیتر دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ نامێنێتەوە".



ئەو سەرکردەیەی یەکگرتوو ئەوەشی خستە ڕوو: "پێشمەرگە لە ناوچەکە بە بەهێزی دەمێنێتەوە و لە داهاتووشدا ڕۆڵی بەهێزی دەبێت.



هاوکات، فاتیح رەوف ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرکردەی کورد نەما شەڕی داعش نەکات، هەرچی گەنجی جوان و کوردی کوردستان هەبووە چەکیان لە شان کرد بۆ لەناوبردنی داعش ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عیراق باسی پێشمەرگە نەکات بێگومان قارەمانێتیی پێشمەرگە لە ناوچەکە دەنگی داوەتەوە و دەبێت عێراق لەوە تێبگات هەر ئەمڕۆ نییە و دوای داعش گەرەنتی هێزی تیرۆریستی دیکە نییە، بۆیە ئەمە سەرکەوتن نییە و سەرکەوتن ئەوەیە گەرەنتی بدەیتە وڵاتەکەت و ناونەهێنانی پێشمەرگەش پێگەی خۆیان خۆیان کەم دەکاتەوە نەک کوردستان".




باسنيوز
Top