چاكسازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ چه‌ند قۆناغێكی بڕیوه‌

چاكسازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ چه‌ند قۆناغێكی بڕیوه‌
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌رنامه‌ی چاكسازیی ناو وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به‌ هاوكاریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی به‌رده‌وامه‌ و، ئێستا سه‌رقاڵی پلان دانانن و ته‌نیا به‌ربه‌ستیان رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی كه‌ركووكه‌.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرای ده‌كات له‌ چاكسازییه‌كانیان به‌رده‌وامن و ته‌نیا رووداوێك كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌یان داناوه‌، رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو بووه‌.
له‌و رۆژه‌دا، سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی هێرشیان هێنایه‌ سه‌ر كوردستان، ئه‌و هێرشه‌ی كه‌ چه‌ند كه‌سێكی لایه‌نێكی كوردستانی(كه‌ له‌ باشووری كوردستان به‌ خیانه‌تكاران ناویان ده‌برێ و ناسراویشن) ڕێی بۆ ئه‌و هێزانه‌ خۆش كرد بێ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ده‌ست به‌سه‌ر به‌شێكی زۆری ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمدا بگرن و، تا ئێستایش له‌ژێر كۆنترۆڵی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی حكوومه‌تی به‌غدادایه‌.

(هه‌ڵگورد حیكمه‌ت) به‌ڕێوه‌به‌ری هۆشیاری و راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "لایه‌نی پێوه‌ندیدار به‌ جێبه‌جێكردنی چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئێستا دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ت و هێزی هاوپه‌یمان هه‌یه‌ و خه‌ریكی داڕشتنی پلانن بۆ ئه‌وه‌ی چۆن ده‌ست پێ بكرێت و چۆن هه‌نگاو بنرێت، گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ لێكتێگه‌یشتنی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر ئه‌و چاكسازیانه‌ به‌رده‌وامه‌ و جێبه‌جێش ده‌كرێت."

به‌ڕێوه‌به‌ری هۆشیاری و راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی، ئاشكرای ده‌كات كه‌ رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابروو، "كاریگه‌ریی جیددیان" له‌سه‌ر پرۆسه‌ چاكسازییه‌كه‌ داناوه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هێزی هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مكوڕن.

(هه‌ڵگورت حیكمه‌ت) سه‌باره‌ت به‌ دیارترین چاكسازییه‌كان ده‌ڵێ، "ده‌مانه‌وێ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ی كوردستان خاوه‌ن یه‌ك سسته‌م بێت، له‌ رووی بوودجه‌ و ئه‌رك و مافیشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌و خاڵانه‌یه‌ كه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین. بێگومان یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ش یه‌ك له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌."
kdp-
Top