حەسەن بارام: حەشدی شەعبی لە خورماتوو 3 هەزار ماڵی كوردیان تاڵان كردووە

حەسەن بارام: حەشدی شەعبی لە خورماتوو 3 هەزار ماڵی كوردیان تاڵان كردووە
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی خورماتووی یەكێتی دەڵێ، لە خورماتوو حەشدی شەعبیی، تا ئێستا 3 هەزار ماڵی كوردیان تاڵان كردووە و تەقاندوویاننەوە، ئەمە جگە لەوەی كە چەندان هاووڵاتییشیان شەهید كردووە.

(حەسەن بارام)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "لە ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە، لە خورماتوو تاوانی جەنگ و جینۆساید بەرانبەر بە گەلی كورد ئەنجام درا، بەپێی ئامارەكانیش تا ئێستا نزیكەی 3 هەزار ماڵی كورد دوای تاڵانكردن سووتێندراون یانیش تەقێندراونەتەوە، هەروەها زیاتر لە 53 هەزار هاووڵاتیی كورد شارەكەیان چۆڵ كردووە تاوەكوو بتوانن گیانی خۆیان بپارێزن، بۆیە ئێستە كورد لەو شارەدا بوونی نەماوە."

لەبارەی بەردەوامی تاڵانكردن و سوتاندنی ماڵە كوردەكانی خورماتوو، (بارام) گوتی، "لە ئێستادا حەشد لەو شارە بەردەوامن لە تاڵانكردن و تەقاندنەوە و سووتاندنی ماڵە كوردەكان، بۆیە ناكرێت تاوەكوو ئەو هێزە لەو شارە بن، بە هاووڵاتیان بڵێین بگەڕێنەوە، چونكە دڵنیاین هەر كوردێك بڕواتەوە، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستیان لێ ناپارێزێت."

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خورماتووی یەكێتی هێمای بۆ ئەوەیش كرد، "بەپێی دەستووری عێراق، ئەو ناوچانە جێناكۆكن و دەبێ بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێن، ئەوەی ئێستا هەیە ئەو شارە داگیر كراوە، بۆیە پێویستە ڕێككەوتن لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقدا بكرێت و، هێزێكی هاوبەشیش بنێردرێتە ئەو شارە، یان هێزی ئاشتیپارێز بهێندرێتە شارەكەوە".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەشڵێت، "لە سێ ساڵی ڕابردوودا چەندان هاووڵاتیان ڕفاندووە و تیرۆریان كردوون، بۆیە بەم حاڵەوە خەڵك بۆ خورماتووش بگەڕێتەوە، كوشتن و تیرۆر و دەستدرێژیكردنەسەریان دەست پێ دەكاتەوە و جینۆسایدیان دەكەن."

kdp-
Top