بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین: حەشدی شەعبی لە شاری کەلار نزیک بووەتەوە
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: ”حەشدی شەعبی و سوپای عێراق ھێزێکی زۆریان ھێناوەتە سەر گوندەکانی سنووری جەلەولا و هەڵدەکوتنە سەر گوندەکان، لە ھەر ماڵێک چەک ببینن دەیبەن، خەڵکی ئەو ناوچانە رایان کردووە بۆ کەلار، ھەر خەڵکێکیان دەست بکەوێت، دەیگرن و دەیبەن“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پێشتر حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکی بۆ هەڵگرتنی بازگەی نێوان جەلەولا و کەلار کردووە، ئێستاش بۆیان بردووەتە سەر و دەیانەوێت نزیکتر ببنەوە، ”ئێستا نزیکی کەلارن".
ئەوەشی خستە ڕوو، بەبیانوی ھەبوونی داعش لەسنورەکە، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق جووڵەیان بەزیاتر لە 100 ھەمەری سەربازی کردووە بەرەو گوندەکانی (قایە، ئیسلاح و شیخ باوە) لە سنورەی جەلەولا و گەرمیان، پێشتر لەلایەن ھێزە کوردییەکانەوە ڕێگە نەدەدرا ھێزی عێراقی بھێنرێتە ئەو سنوورە، بەڵام ”ئێستا ھێزە عێراقییەکان بیانوزیان ئەوەیە کە داعش لەو سنوورە جووڵەی دەست پێکردووە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە شەوی ڕابردوو ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی بە داعش دەیانناسێنێت، پەلاماری میلیشیاکانی عێراقیان لە سنوورەکە داوە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
