بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە: پێشبینی ھێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەکرێ

 بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە: پێشبینی ھێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەکرێ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، وەڵامی لێدوانێکی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەداتەوە کە باسی لەوە کردبوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەسەر سەرجەم ھێزە چەکدارەکانی خۆیدا نییە. ئەوەش ئاشکرا دەکات کە پێشبینیی ھێرشی میلیشیاکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ھەیە.

عەمید ھەژار عەزیز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و ڕاستە ئێمە ھەندێک ھێزمان ھەیە، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، بەڵام ھەندێک ھێزمان ھەیە لە یەکەی (حەفتا و ھەشتا) لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن و ئیستاش بەرنامەیەکمان ھەیە، بۆ چاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی ئەو ھێزانە یەک بخرێنەوە و ئەمەش ھەنگاو بە ھەنگاو دەبێت، ئێمە نامانەوێت پەلە بکەین“.

جەختیشی لەوە کردەوە: ”سەبارەت بە حەیدەر عەبادی و ھێزەکانی عێراق، عەبادی کۆنترۆڵی بەسەر ھێزەکانی عێراق و بەتایبەت میلیشیا شیعەکاندا نییە کە زیاتر لە ٦٠ گرووپی میلیشیای ھەیە کە پێیان دەگوترێت حەشدی شەعبی".

ھەژار عەزیز، لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەم میلیشیایانە گرووپی جیاجیان و لەژێر فەرمانی عەبادیدا نین، ھەر یەکە و ئەجێندا و بەرنامەی خۆی ھەیە، بۆ نموونە پێش ئەوەی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەست پێبکات، ڕێککەوتن کرا کە ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا پاڵپشتیی ھێزی عێراق بکات، بۆ ئەوەی ھێڵی یەکەمی دەشتی نەینەوا بشکێنن و کۆڵیدۆری ئەمنی بکەنەوە بۆ ھێزی عێراق تابتوانن بچنە ناو مووسڵەوە، ڕێککەوتن کرا و پێشمەرگە و حەشدی داخڵی مووسڵ نەبن، کەچی ئەو ھێزانە گوێیان لەو ڕێککەوتنە نەبوو، کەلە نێوان ھاوپەیمانان و عێراق و پێشمەرگە ھەبوو، ھەموویان چوونە ناو مووسڵ و تاوانی جەنگیشییان لەدژی خەڵکی سڤیل ئەنجام دا، کەچی عەبادی دەیگوت دەستوور و یاسا جێبەجێ دەکەین!.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە درێژدا ئاماژەی بەوەش کرد: "حەشدی شەعبی فەرمان لە عەبادی وەرناگرێت، بەڵکوو تەنیا بەناو سەر بە حکوومەتی عێراقە، ھەرچەند بودجەی خەیاڵییان بۆ دابین کراوە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق بووەتە حکوومەتی یەک تایفە، واتە حکوومەتێکی شیعە کە ھەموو شتێک بۆ خۆیان بێت و جێبەجێی دەکەن، بۆ نموونە ھێزی پێشمەرگە بەپێی دەستووری عێراق بەشێکە لە سیستەمی بەرگری کە دەبوو لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەلایەن بەغداوە بودجەیان بۆ دابین بکرابایە، بەڵام یەک دینارمان وەرنەگرتووە، کەچی بە دوو سەعات یاسای حەشدی شەعبییان لە پەرلەمان تێپەڕاند".

ھەژار عەزیز، لە درێژەدا ئەوەشی خستە ڕوو: "چاوەڕوان دەکرێت عێراق ھێزی حەشدی شەعبی بنێرێت بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەم ھێزانە بەبێ فەرمانی عەبادی کاتی خۆی چووبوونە سووریا و پاڵپشتیی بەشار ئەسەدیان کردبوو و ئیشتاش گرووپی (عەسائیبی ئەھلی حەق) بەبێ ئاگاداری عێراق و پەرلەمانی عێراق جووڵەیان کردووە و ئێستا لە سنووری سووریا و لوبنان و ئیسرائیلن".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمریکا ھاووڵاتیانی خۆی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ئاگادار کردووەتەوە کە زۆر وریا بن، بەتایبەت دوای بڕیاری ترەمپ سەبارەت بە دیاریکردنی ئۆرشەلیم وەک پایتەختی فەرمیی ئیسرائیل و پێشبینی دەکرێت ھێرش بکرێتە سەر ھاووڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق، بەڵام ئەمە وا دیاری دەخات کە ئەمریکا بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، چونکە ئەگەر حەشدی شەعبی بۆیان بکرێت درێغی ناکەن، پێشووتر سەربازێکی ئەمریکا لە ڕێگای کەرکووک بۆ موسڵ کوژرا و گومانیان لە حەشد ھەبوو، بۆیە ئەگەر بۆیان بچێتە سەر، لە ھێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق درێغی ناکەن".









باسنیوز
Top