سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز، سەبارەت بە کوردستان ناڕەزایینامەیەک ئاراستەی حکوومەتی عێراق دەکات
لە ڕێکەوتی 7/12/2017، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەی کاروباری دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی فلاندەرز لە بەلژیکا، وێنەی نامەیەکی (خێرت بۆرژوا) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی پێگەیشت، کە ئاراستەی (جهواد ئهلهنداوی) باڵیۆزی عێراق لە وڵاتی بەلژیکا کراوە.
نامەکە بە ئامانجی دەربڕینی ناڕەزاییی حکوومەتی هەرێمی فلاندەرزە سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکیشی بۆ خاتوو (فێدەریکا مۆگەرینی) بەرپرسی باڵای سیاسەتی ئاسایش و دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا نێردراوە.
لە نامەکەدا، سەرۆکوەزیرانی فلاندەرز دڵگرانیی خۆی بەرامبەر بە کەمکردنەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2018 لە لایەن حکوومەتی (عەبادی) و هەروەها داخستنی ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەردەبڕێ و دەڵی ''ئەم هەنگاوانە کاریگەریی زۆریان لەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەروەها ناردنی هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی ناوخۆ کە لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن.''
لە کۆتایی ناڕەزایینامەکەیدا، (خێرت بۆرژوا) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز، داوا دەکات کە حکوومەتی عێراق پێداچوونەوە بەو ڕێوشوێنانەدا بکات.
لەو بارەیەوە (دلاوەر ئاژگەیی) نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا سوپاس و پێزانینی دەبڕی بەرامبەر هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی فلاندەرزی بەلژیکا کە بەردەوام لە ڕووی سیاسی و مرۆیییەوە پشتگیری لە هەرێمی کوردستان کردووە و ژمارەیەک پێشمەرگەی برینداری لە نەخۆشخانەکانی فلاندەرز چارەسەر کردووە.
kdp-
