سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی فلاندەرز نامەیەکی ناڕەزایی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 7/12/2017، نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی فەرمانگەی کاروباری دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی فلاندەرز لە بەلجیکا، وێنەی نامەیەکی خێرت بۆرژوا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی فلاندەرزی پێگەیشت کە ئاراستەی جەواد ئەلھنداوی، باڵوێزی عێراق لە وڵاتی بەلجیکا کراوە.
نامەکە بە ئامانجی دەربڕینی ناڕەزایی حکوومەتی ھەرێمی فلاندەرزە سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی عێراق لە دژی ھەرێمی کوردستان، کە وێنەیەکیشی بۆ فێدەریکا مۆگەرینی، بەرپرسی باڵای سیاسەتی ئاسایش و دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا نێردراوە.
لە نامەکەدا سەرۆک وەزیرانی فلاندەرز دڵگرانی خۆی بەرامبەر بە کەمکردنەوەی بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2018 لە لایەن حکومەتی عەبادی و ھەروەھا داخستنی ئاسمانی ھەرێمی کوردستان دەردەبڕێ و دەڵیت: ''ئەم ھەنگاوانە کاریگەری زۆریان لە سەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا ناردنی ھاریکارییە مرۆییەکانە بۆ یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی ناوخۆ کە لە ھەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن".
لە کۆتایی ناڕەزایینامەکەیدا، خێرت بۆرژوا سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی فلاندەرز داوا دەکات کە حکوومەتی عێراق پێداچوونەوە بەو ڕێوشوێنانەدا بکات.
لەو بارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا سوپاس و پێزانینی دەبڕی بەرامبەر ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا کە بەردەوام پشتگیری لە ڕووی سیاسی و مرۆیییەوە لە ھەرێمی کوردستان کردووە و ژمارەیەک پێشمەرگەی برینداری لە نەخۆشخانەکانی فلاندەرز چارەسەر کردووە.
باسنيوز
