دەستەی دەستپاکی: زۆرینەی کەیسەکانی گەندەڵی لە قۆناغی دادگاییدان

 دەستەی دەستپاکی: زۆرینەی کەیسەکانی گەندەڵی لە قۆناغی دادگاییدان
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان، باس لە کۆمەڵێک کەیسی گەندەلی دەکات و دەڵێت: "زۆرینەی کەیسەکانی گەندەڵی لە قۆناغی دادگاییدان".

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەریمی كوردستان، ڕایگەیاند: "تا ئێستا زیاتر لە 200 کەیسی گەندەڵی لەبەردەستمانە و زۆرینەی کەیسەکان لە قۆناغی دادگاییکردن دان، واتە 70%ی کەیسەکان لە دادگان".

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئەوەشی خستە ڕوو: "لە ماوەی ڕابردوودا چەند کەسێک لەسەر کەیسی گەندەڵی دەستگیر و دادگایی کراون و چەند کەیسێکمان لەبەردەستە لەوانە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و بەھەدەردانی ماڵی گشتی و وەرگرتنی بەرتیل و جۆری دیکە".

لەبارەی لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانیش کە دەستیان لە گەندەڵیدا ھەبووبێت، حاکم ئەحمەد، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەبێ جیاوازی کار دەکەین، ئەوەی زانیاریی لەسەر درابێت کاری خۆمان لەسەری کردووە و لەوانە کەسی وای تێدایە کە پلەی ڕاوێژکارە، یان بەڕێوەبەری گشتییە لە حکوومەت، زانیاری لەسەر كێ بدرێت، ئێمە کاری خۆمان دەکەین، پرۆسەکەش کاتی دەوێت، کەیسی وا ھەیە کە ھەشت مانگە لە دادگایە و ھێشتا یەکلا نەبووەتەوە، بۆیە پرۆسەکە کاتی دەوێت".

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەش كرد کە شەش مانگ جارێك ڕاپۆرتی خۆیان بڵاودەکەنەوە و بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی دژە گەندەڵی و کۆتایی ساڵەوە ڕاپۆرتێکی دیکەمان دەبێت.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕاشی گەیاند: "بۆ نەھێشتنی گەندەڵی ھاوکارییەکی باش دەکرێن، ئەگەر ئەو کەیسانە یەکلا ببنەوە ئەوا قۆناغێکی زۆر باش دەبێت بۆ نەھێشتنی گەندەڵی، خەڵکێکی زۆریش بەھۆی گەندەڵییەوە دەستگیر کراون".









باسنیوز
Top