بوومەلەرزەکە زیانی نەبووە.. سلێمانی و هەڵەبجەی هەژاندووە
(فازڵ ئیبراهیم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "سەعات 8:53 خولەك بە كاتی هەرێمی كوردستان، بوومەلەرزەیەك بە دووری 18 كیلۆمەتر لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار كرا و سەنەتەری بوومەلەرزەكەیش لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان رووی داوە و گوڕەكەی 4.9 پلەی رێختەر بووە لە قووڵایی 8 كیلۆمەتر لە ناخی زەوی كە هاووڵاتیانیش بە روونی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەستیان پێی كردووە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانی نەبووە".
(ئیبراهیم) دەشڵێ، "بوومەلەرزەكەی ئەمڕۆ بەشێكە لە پاشكۆكانی بوومەلەرزەكەی رۆژی 12-11ـی مانگی ڕابردوو كە بڕگەی 7.3 پلە بوو بە پێوەری رێختەر، ئەمەیش دوای ئەو پاشكۆیانە دێت كە تاوەكو ئێستا لە سەرووی 600 بوومەلەرزەوە تۆمار كراوە لە دوای 12ـی مانگی ڕابردوو، بەڵام بەشی هەرەزۆریان لە نێوان 2 بۆ 3 پلە بووە بەپێوەری رێختەر و هاووڵاتیان هەستیان پێ نەكردووە".
بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان ئاماژەیشی دا، "دەمانەوێت هاووڵاتیان بزانن ئەو بوومەلەرزانە بەشێكن لە پاشكۆكان و بوومەلەرزەی نوێ نین كە تۆمار كراون و جێگای ترس نین، چونكە پێشبینی ناكرێت زەوی لە ئێستادا ئەو هێزە زۆرەی تێدا كۆ ببێتەوە كە پێویستی بە چەند ساڵێكە تاوەكو بوومەلەرزەی بەهێز لە هەر ناوچەیەك روو بدات".
رۆژی 12-11-2017، بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەرێمی كوردستانی هەژاند و لە سەرجەم شارەكان لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەستی پێ كراوە، لەبەر بەهێزیی پلەكەیشی كە 7 پۆینت 3 پلە بوو بە پێوەری رێختەر، زیانی گیانی و ماددییشی هەبوو كە بە هۆیەوە تەنیا لەهەرێمی كوردستان 8 كەس گیانیان لە دەست دا.
kdp-
