لایەنگرانی یەکێتی لە قسەکانی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە کەرکووک نیگەرانن

 لایەنگرانی یەکێتی لە قسەکانی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە کەرکووک نیگەرانن
لایەنگرانی یەکێتی لە قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کە لە کەرکووک کردی، نیگەرانن و داوا دەکەن لە جێگەی حەشدی شەعبی، باس لە ئارامیی کەرکووک نەکرێت، لە کاتێکدا زۆرترین تاوان بەرامبەر کوردانی شارەکە دەکرێت.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە سەردانێکیدا بۆ کەرکووک، لەگەڵ کادیرانی یەکێتی، دڵنیایی باشبوونی دۆخی کەرکووک دەدات. لە بەرامبەردا ھەژار رەشید، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی لە کەرکووک ڕایگەیاند: ”بەداخەوە دۆخی کەرکووک ناشاردرێتەوە بەوەی تێکچووە، حەشدی شەعبی تا دێت دەسەڵاتی فراوان دەبێت، ڕێژەی تاوان بەرانبەر بە کورد زیاتر دەبێت، بەشێک لە بارەگا و مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین تا کەرکووک تەقێنراونەتەوە، لە ڕەوشێکی وەهادا کەرکووک ئارام نابێت“.

ئەوەشی دووپات کردەوە: ”نابێ یەکێتی خۆی گەرەنتی ئارامیی کەرکووک بدات، ئەگەرنا دەبێ باجی تاوانەکانی حەشدی شەعبی بدا".

ئەو کادیرەی یەکێتی دەڵێت: ”ڕەنگە لێکدانەوەی ھەڵە بۆ قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کرابێت، بەڵام گرنگە خۆشی ڕوونکردنەوەی لەو بارەوە ھەبێت“.

هەر لەبەرامبەر ئەو ئارامییەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باسی لێوە کردووە، محەمەد عوسمان، پەرلەمانتاری یەکێتی و نوێنەری شاری کەرکووک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: ”حەشدی شەعبی تاوانکاری و پێشێلکارییەکی زۆر دەکات، بۆیە ئێمە سکاڵامان ھەیە و دۆخی کەرکووکیان باش نەکردووە“. دەشڵێت: ”ئەگەر ئاواش بێت، ئێمە ھەڵوێستی دیکەمان دەبێت".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.








باسنیوز
Top