ئەندامێکی ئەنجومەنی کەرکووک: خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر نەبووایە خەڵکی ئەم دۆخەی قەبوڵ نەدەکرد
جوان حەسەن، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەمبارەوە ڕاگەیاند: "فشارەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ھاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک بەردەوامن و ھەووڵاتیانی سڤیل لە مامەڵەی چەکدارانی حەشدی شەعبی ناڕازین و داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن، چونکە دەزانن پێشمەرگە بەبێ جیاوازیی پەرێزگاری لە ھەموو پێکھاتەکان کردووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەشی بەوە کرد: "لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، بە شێوەیەکی بەرچاو حاڵەتەکانی کوشتن و دزی زیادیان کردووە، بەڵام پێشتر کە ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا پێگەیەکی بەھێزی ھەبووە، ھێندەی ئێستا ڕووداوی دژ بە مافەکانی مرۆڤ ڕوویان نەداوە، ئەوەش پێمان دەڵێت، سوپای عێراق و چەکدارەکانی حەشدی شەعبی مامەڵەیەکی نەشیاو بەرامبەر ھەووڵاتیان ئەنجام دەدەن“.
ئاماژەی بەوەش دا، پێویستە حکوومەتی عێراق باش ئەو ڕاستییە بزانێت، کاتی خۆی کوردەکانی کەرکووک چۆکیان بۆ حکوومەتی بەعس دانەداوە، بۆیە ”ئەگەر خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر نەبووایە، ئەم نەوەیەی ئێستای کەرکووک داپڵۆسینەکانی عەبادی و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی قبووڵ نەدەکرد.
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، باسی لەوەش کرد: "پێویستە ھەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەزموون لە خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەربگرن، چونکە بۆ خەڵکی کەرکووک ئارامی نەماوە، بێگومان خەڵکی کەرکووک جارێکی دیکە خیانەتی وەک ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ھیچ لایەنێک قبوڵ ناکەن.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
