بەرهەم ساڵح و شاسوار عەبدولواحید ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێشێل دەکەن

 بەرهەم ساڵح و شاسوار عەبدولواحید ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێشێل دەکەن
کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، ئەو لیستانەی هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 1/11/2017ی هەرێمی کوردستاندا بکەن، بەڵام بەرهەم ساڵح و شاسوار عەبدولواحید بە ڕێنماییە تازەکانی کۆمسیۆنەوە پابەند نابن.



پاش ئەوەی بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان درا، کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، بڕیاری دا مامەڵەی ئەو لیستانە هەڵبوەشێنێتەوە کە وەک قەوارەی سیاسی تۆمار کرابوون. هاوکات ڕێنماییشی دەرکرد کە نابێت ئەو قەوارە سیاسییانەی تازە تۆمار کراون، چیتر بەو ناوانەوە بانگەشە بکەن، بەڵکوو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک حزب دەبێ خۆیان تۆمار بکەن.



لەمبارەیەوە کاروان جەلال، بەرێوەبەری گشتی لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”کۆمسیۆن رێکارەکانی مامەڵەی ئەو لیستە نوێیانەی ھەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام کە پێوەی پابەند نابن، دەبێت وەزارەتی ناوخۆ بێتە سەر هێڵ".



هاوکات بەپێویستی زانی، وەزارەتی ناوخۆ ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن جێبەجێ بکرێت. گوتیشی: ”بەپێی یاسا، بڕە پارەیەک وەک لە بەرامبەر سەرپێچیکردن و ڕێکاری دیکەش دانراوە“.



لەلایەن خۆیەوە د. بابان لەتیف، شارەزا لە کاروباری یاسایی و ڕاوێژکاری یاسایی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەوەی لیستە نوێیەکان دەیکەن، سەرپێچییە لە کاری یاسایی، بەڵام چۆن وەزارەتی ناوخۆ ڕێگا بەو سەرپێچییانە دەدات؟ دەبێت بەدواداچوون بکرێت“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە ناکرێ کۆمسیۆن لیستە تۆمارکراوەکانی ھەڵوەشاندبێتەوە، کەچی ئەوان خەریکی کۆکردنەوەی خەڵک و بانگەشەی سیاسی بن، ”ئەرکی وەزارەتی ناوخۆیە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر".





باسنیوز
Top