بەغدا، پارە بۆ "جیھاد"ێكی ماوەبەسەرچوو قەرز دەكات

بەغدا، پارە بۆ
ھێزە میلیشیاییەکەی حەشدی شەعبی کە لەبەر ڕۆشنایی فەتوایەک بە ناوی (الجهاد الكفائی) و لەسەر داوای (عەلی سیستانی) بۆ ماوەیەكی كاتی دامەزرا تا دوای نەمانی شەڕی داعش ھەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام وەک سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، عێراق ئێستا سەرقاڵی وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتییە بۆ پڕچەككردنیان و، لە بوودجەی ساڵی (٢٠١٨)ـیشدا، بڕەپارەیەكی زەبەلاحیان بۆ دانراوە.

سەرچاوەیەك لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بە گوێرەی بڕگەیەكی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی (٢٠١٨)ـی پێشنیازكراو، دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری دارایی سەرپشك دەكرێت بۆ وەرگرتنی قەرزێك لە بانكە نێودەوڵەتییەكان كە بڕی (٩٠٦) ملیۆن دۆلار بێت، بە مەبەستی كڕینی چەك و تەقەمەنی و ئامێری سەربازی بۆ ھێزەكانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق و وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و حەشدی شەعبی، بڕی زۆری ئەم قەرزەیش كە بۆ پڕچەككردنی حەشدی شەعبییە، (٨٠) ملیۆن دۆلارە.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دەڵێ، "عێراق دەیەوێت قەرز لە بانكی نێودەوڵەتی وەربگرێت و لە ھەمان كاتدا دەیەوێت بەشێكی ئەم قەرزەیش بۆ حەشدی شەعبی و ھێزە مەزھەبییەكان بێت، لە بەشەبوودجەی (٢٠١٨)ـیشدا بوودجەیەكی زەبەلاحی بۆ (حەشدی شەعبی) دیاری كردووە، ئەندامە كوردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵوێست و تێبینیی خۆیان بە حكوومەتی عێراق داوە. بە بڕوای كورد و سوننە و ھەندێك ھێزی شیعە بە تایبەتی جەماعەتی سەدر، كە ھیچ شێوەیەك عێراق جێگیر نابێت (حەشدی شەعبی) ھەڵنەوەشێتەوە و ھۆكاری زۆرێك لە كێشەكان و ناسەقامگیریی عێراق حەشدی شەعبییە، چونكە نابێت لەگەڵ سوپای عێراق ھێزێكی مەزھەبی و چەكدار ھەبێـت كە پێچەوانەی دەستوورە."

فەتوای (الجهاد الكفائی)، لەلایەن (عەلی سیستانی) مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراقەوە درا، لە ٥ـی حوزەیرانی ٢٠١٤، تا رۆژی ١٣ـی ھەمان مانگ، هێزگەلی میلیشیایی لەبەر ڕۆشنایی ئەم فەتوایە و لەژێر ناوی ‌حەشدی شەعبی دامەزران و شوورایەكیش بە ناوی "شوورای حەشدی شەعبی"ـیەوە لە عێراق بنیات نرا، ئەو هێزگەلە یان گرووپگەلە میلیشاییە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی شیعەن و لە ھاوپەیمانێتیی ٤٢ گرووپی شیعە پێك ھاتوون.

ئەو گرووپە چەكداریانە پێش فەتواكەی (سیستانی) لە عێراق بۆ مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی شیعە دامەزرابوون، لە قۆناغی جیاوازدا ئامانجی جیایان ھەبووە، بەڵام سەرجەمیان لە دوو خاڵدا یەك دەگرنەوە كە دژایەتیی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە یەكەمیانە و هەروەها پشتگیریكردنیان لەلایەن ئێرانەوە خاڵی دووەمە. ئەم بەشە سێ گرووپ لەخۆ دەگرێت (عەسائیب ئەھلوئەلحەق، رێكخراوی بەدر-باڵی سەربازی و كەتیبەكانی حزبوڵڵا).
ئەمەریكا چەندین جار داوای لە (حەیدەر عەبادی) كردووە كە ئەم گرووپ و ھێزە چەكدارانە ھەڵبوەشێننەوە، دوایین جاریش لە مێدیاكانەوە بینرا كە سەرۆكی فەڕەنسا (ئیمانوێل ماكرۆِن)، لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، گوتی كە دەبێت ھێزە میلیشیاكان لە عێراق ھەڵبوەشێنەوە و نەمێنن، مەبەستیشی لەم گوتەیە، (حەشدی شەعبی) بوو، كەچی عێراق ھەوڵی بەھێزكردنی زیاتریان دەدات.
kdp-
Top