شارەزاییەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: عێراق زیاتر لە 60 مادەی دەستووری پێشێل کردووە

 شارەزاییەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: عێراق زیاتر لە 60 مادەی دەستووری پێشێل کردووە
شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ڕای دەگەیەنێ، کە حکوومەتی عێراق زیاتر لە 60 مادەی دەستووریان پێشێلکردووە.

سلێمان شێخ نەبی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ڕايگەیاند: "حکوومەتی عێراق زیاتر لە 60 مادەی دەستووری پێشێل کردووە و ئێستاش دۆخی عێراق گەیشتووتە ئەو ئاستەی کە بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت".

ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بەوەش دا، کە بەرپرسانی عێراق ھەمیشە باس لە یەک پارچەیی خاک و سەروەری یاسا دەکەن، بەڵام یاسا و دەستوور بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و ئەو بڕگە و مادانەی بە دڵیان نەبێت پێشێلی دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، کە ھێرشەکانی میلشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کوردان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە چەندین ساڵە کورد لەم وڵاتەدا دەژێت و داوای مافی خۆی دەکات کەچی ھێرشی دەکرێتە سەر و مافەکانی و پێشێل دەکرێت.

سلێمان شێخ نەبی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گوتیشی: "ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ناوەکانیان خراوەتە نێو لیستی تیرۆری جیھانەوە، ئەو میلیشیایانە تاکو ئێستا چەندین ناوچەیان داگیرکردووە و لە چەند گرووپێکی توندڕەو پێکدێن، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و دەستوورە"

پاشکۆیەکی تایبەتیان بە پێشێکارییەکانی حکوومەتی عێراق بەرامبەر دەستووری عێراق بڵاوکردەوە کە دەسەڵاتدارانی عێراق 63 مادەی دەستووری عێراقیان بەتەواوی و چەند بڕگەیەکیان پێشێل کردووە.











باسنيوز
Top