وەستانی قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا نە پرۆتۆکۆلی بوو نە پێویست
رۆژی شەممەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە یاوەریی قوباد تاڵەبانی، جێگرەکەی، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا پێشوازییان لێ کرا، دوای کۆبوونەوەی شاندی کوردستان و فەرەنسا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی دانیشتنەکەیان ئاشکرا کرد، بەڵام لەتەنیشت نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت وەستابوو، ئەو وەستانەش رووبەڕووی رەخنەی شارەزایانی کاری دیپۆلماتکاری و سیاسی بووەوە و بە شتێکی نامۆ لە پڕۆتۆکۆلە سیاسییەکان باسی لێوە کرا، تەنانەت ھەندێ لە نووسینەکانی ئەو شارەزایانە بەو ئاراستەیە بوون کە نەدەبوو جێگرەکەی لەگەڵ ئەو شاندەی حکوومەت بوایە، بەڵکوو دەبوو لە کوردستان مابوایە و کاروباریی سەرۆکایەتیی حکوومەتی رایی بکردایە.
بەپێی زۆر لەو پۆستانەی کە بەشێک لە چاودێرانی سیاسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویانە، وەستانی قوباد تاڵەبانی لەتەنیشت نێچیرڤان بارزانییەوە لە شوێنێکدا کە پێویست نەبوو، رۆژانی رەشی دووئیداریی و ململانێی توندی نێوخۆیی کوردستانی ھێناوەتەوە یاد، ھەروەھا بە ھیچ شێوەیەک ئەوە یەکگرتوویی گوتاری کورد پیشان نادا، بەڵکوو بە پێچەوانەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە ھەرێمی کوردستان یەک دەنگ نییە، ئەم سەردانە دیپۆلۆماسییانە لەسەر ئاستی باڵا بۆ وڵاتانی تر، پێویستە تەنیا یەک بەرپرسی باڵای ھەرێمی کوردستان لە پرۆتۆکۆلەکاندا بەشدار بێت و ئەو نوێنەری ھەموو کوردستان بێت، کوردستان لەم رۆژەدا ئەوەی پێویستە. نەک بەو شێوەیەی کە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا بینیمان، کە کاردانەوە و دەنگدانەوەی باشی نابێت بۆ ناو پێگەی ھەرێمی کوردستان.
دیپلۆماتکارێکی کوردیش لە ئەوروپا گوتی: ”لەمێژە لەنێو کاری دیپۆلماسیدا کار دەکەم، بەڵام ئەوە یەکەم جارە حاڵەتی لەو شێوەیە دەبینم، کە جێگر لە شوێنێکی وادا لە تەنیشت سەرۆکی حکوومەتەوە بوەستێت“.
ھەروەھا ئاراس عەبدوڵا، ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان رای گەیاند، ئەوە یەکەم جارە لە پرۆتۆکۆلێکی وادا جێگری سەرۆکی حکوومەتێک دەربکەوێ، گوتی: “لە راستیدا لە رووی پڕۆتۆکۆلەوە ئەوە نابێت، تەنانەت عەیبەیەکی گەورەشە کە ھەڵەیەکی وەھا بکرێت”.
گوتیشی: “خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەو وەستانە دەکرێت و ھەندێ پێیان وایە ئەوە خراپیی ناوماڵی کوردی نیشانی دۆست و دوژمنەکانمان داوە و ھەندێکی دیکە بە ناشارەزایی و ھەندێکی دیکە وای دەبینن کە ئەوە بۆ قورسایی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باش نییە، ئەو خوێندنەوە نەرێنییانەش پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە تا ئێستا لە دونیادا شتێکی وەھا نەبینراوە، نازانرێ فەرەنسا چۆن بەوە پرۆتۆکۆلەکەی قبووڵ کردووە”.
لای خۆشیانەوە، دڵشاد میرانی نوێنەری پێشووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا و شارەزای لە کاروباری دیپۆلۆماتی، رای گەیاند، بەگشتی لایەنە سیاسییەکە زاڵ بووە بەسەر پرۆتۆکۆلەکەدا، ئەگەر نا لەڕووی پرۆتۆکۆلییەوە نەدەبوو ئەوە روو بدات.
ھەروەھا ئارام حەسەن کە ئەکادیمییە و چالاکوانی فەیسبووکە، ئەو کۆبوونەوەیەی بە ”یەک بە دوو!“ وەسف کردووە.
بەڵام کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان رای گەیاند: “ئەگەرچی شارەزاییم لە پرۆتۆکۆلە نێودەوڵەتییەکان نییە، کە چۆن و بە چ شێوەیەکە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ کاریگەریی دۆخە ناوخۆییەکەیە لەسەر ھەموو شتەکانی دیکە و بە وەستانی قوباد تاڵەبانی، لەتەنیشت نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا ناشاردرێتەوە”.
بەڵام بورھان رەئوف، چاودێری سیاسی رای گەیاند: ”ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی لە دۆخی کوردستان دەگەن، فەرەنساش ھەر لەسەر ئەو بنەمایە پێشوازیی لە ھەردووکیان کردووە کە بەلای ھاوپەیمانانەوە مانەوەی ئەو دوو ھێزە بۆیان گرنگە“.
ئاماژەی بەوەش دا، بەڵام ئەوە خوێندنەوەی دیکەشی بۆ دەکرێت کە نیشاندانی نەبوونی متمانە و خراپیی ناوماڵی کوردستانە.
باسنيوز
