حەشدی شەعبی خانووی ئەندامێكی مەڵبەندی یەكێتی تەقاندەوە

 حەشدی شەعبی خانووی ئەندامێكی مەڵبەندی یەكێتی تەقاندەوە
بەرپرسی لێژنەی ناوچەی داقووقی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە داقووق خانووی ئەندامێكی مەڵبەندی یەكێتییان تەقاندووەتەوە، دەشڵێت: "ئەو میلیشیایانە ڕۆژانە كردەوەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن".



ئەمڕۆ سێشەممە 5/12/2017، هیوا ڕەشید، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی داقووقی پارتی، ڕاگەیاند: ڕەوشی داقووق زۆر خراپە و شەوانە تێیدا تەقینەوە ئەنجام دەدرێت و شەوی دووشەممەی ڕابردوو، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سێ شوێنیان تەقاندووەتەوە، یەكێك لەو شوێنانە خانووی (حەسەن مالیك)ە كە ئەندامی مەڵبەندی یەكێتییە و كارگەی هاووڵاتییەكی عەرەبیشیان تەقاندووەتەوە كە ئەو هاووڵاتییە پێشتر زۆر هاوكاریی پێشمەرگەی دەكرد لە سنوورەكە و بەنزینخانەی عومەر بن عاسیشیان تەقاندووەتەوە و هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو بەنزینخانەیە ناوی عومەرە".



ئەو بەرپرسە لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتیشی: "شەوی پێشووتریش ماڵی سەید هیجران كاكەییان تەقاندەوە و حەشدی شەعبی ڕۆژانە كردەوەی توندوتیژی لە داقووق ئەنجام دەدات".



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.


باسنیوز
Top