عێراق کەوتووەتە نێو بەردئاشی هێژمۆنیی بەریتانیا و فەڕەنسا

عێراق کەوتووەتە نێو بەردئاشی هێژمۆنیی بەریتانیا و فەڕەنسا
وڵاتانی فەرەنسا و بەریتانیا هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ تا ئەو بۆشاییەی لە دەرەنجامی سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بووە، پڕ بکەنەوە. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی چەند وڵاتێکی عەرەبی گوزارشت لەو ململانێیە دەکەن و وەک دیارە تا ئێستا بەریتانیا براوە بووە.


سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، (تێرێزا مەی) دەیەوێ مێژووی داگیرکاریی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام بێت. ئەو ژنە تەمەن ٦١ ساڵە، ئێستا پەنجەی بۆ ئەو وڵاتانە بردووە کە پێشتر لە لایەن فەرەنساوە داگیر کرابوون و ئەو پیلانەشی بە دیاریکراوەی لە لایەن ئێران و هێزە شیعەکانی ناوچەکەوە جێبەجێ دەکات.
فەرەنسا کە لە ڕووی مێژووی داگیرکارییەوە شان لە شانی بەریتانیا دەدات، لە ڕێگەی سەرۆکە گەنجەکەیەوە، (ئیمانوێل ماکرۆن) دەیەوێ ڕێ لەو پیلانگێڕییەی بەریتانیا بگرێت. (ماکرۆن) بۆ ئەو کارەی پشتی بە وڵاتانی عەرەبی سوننە بەستووە و تا ڕاددەیەکیش لە ئاراستەی سیاسەتەکانی ئەورووپا و ئەمەریکادا هەنگاو دەنێت.

ئەوەی فەرەنسا عەوداڵێتی
دوای دەرکەوتن و بەهێزبوونی داعش و پەرەسەندنی خەلافەتەکەی لە سووریا و عێراقدا، پاریس بووە یەکەم ئامانجی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە و دواتریش چەندین پایتەخت و شارەکانی وڵاتانی ئەوروپایی گرتەوە.
بە بڕوای شارەزایانی سیاسی، پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نفوزی ئێران لەو ناوچەیەدا، ئاسایش و بەرژەوەندیی ئابووری، ئەو هۆکارانەن فەرەنسای هێناوەتە سەرخەت و ئێستا (ئیمانوێل ماکرۆن) بە ڕژدی قۆڵی لێ هەڵکردووە.
(پەروێز ڕەحیم)، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستی سیاسی، پێی وایە فەرەنسا خوێندنەوەی نوێی بۆ گۆڕانکارییە ژیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە هەیە و دەیەوێ ئەو بۆشاییەی بە هۆی سیاسەتەکانی ئەمەریکاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بووە، پڕ بکاتەوە.
(پەروێز ڕەحیم) کە لە زانکۆی سەلاحەدین مامۆستایە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "گۆڕانکارییەکان و نفوزی بەوەکالەتی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لاوازیی سیاسەتی ئەمەریکا، هۆکاران بۆ ئەوەی فەرەنسا بە ڕژدییەوە بێتەوە ناوچەکە."
دەستەڵاتدارانی فەرەنسا ئاگاداری وردەکارییەکانی پشتی پەرەدەی نفوزی بەوەکالەتی ئێرانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەربۆیە کاتێک پرسی سووریا و لوبنان دێتە باس، فەرەنسا خۆی لێ بەخاوەن دەکات.
(عومەر نوورەدینی)، یاریدەدەری پرۆفیسۆر و جێگری سەرۆکی زانکۆی لوبنانی – فەرەنسی، جیاوازیی نیوان سیاسەتەکانی بەریتانیا و فەرەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوون دەکاتەوە و پێی وایە لە سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسادا مەسەلەکانی مافی مرۆڤ و گه‌لانی ژێردەست بوونیان هەیە و ئەمە لە سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیادا نابیندرێ.
(نوورەدینی)، کە بڕوانامەکەی لە بواری پێوەندی نێودەوڵەتییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "(ئیمانوێل ماکرۆن)، سەرۆکی فەرەنسا دەیەوێ وڵاتەکەی ئامادەیی جیددی لە گۆڕانکارییەکاندا هەبێت، بۆ نموونە، لە وڵاتانی کەنداو و کێشەکانی لوبناندا. فەرەنسا هەوڵ بۆ سەقامگیربوونی ئاسایش لە عێراقدا دەدات، چونکە ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، کێشەیان بۆ دروست دەبێت."
ئێستا فەرەنسا و بەشی زۆری وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی لە بەرەیەکدان و ئەمەش وەک شارەزایان جەختی لێ دەکەنەوە، بە مەبەستی ڕێگەگرتنە لە نفوزی بەوەکالەتی ئێران لە ناوچەکەدا.
(عومەر نورەدینی) دەڵێت: "سیاسەتی دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواییدا یەک دەگرێتەوە، بەڵام بەریتانیا ئەوەی زۆر بەلاوە گرنگ نییە و بایەخ بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات."
kdp-
Top