بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای هەولێر خشتەی نوێی پێدانی كارەبای ڕاگەیاند

 بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای هەولێر خشتەی نوێی پێدانی كارەبای ڕاگەیاند
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دابەشكردنی كارەبای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت پلەی گەرما بە ڕێژەیەكی زۆر نزم ببێتەوە، بۆیە بڕی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەباش لەوەی كە ئێستا هەیە، خراپتر دەبێت.

حوسێن حەمد، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشكردنی كارەبای هەولێر ڕایگەیاند: "بە گوێرەی ئەو خشتەیەی داندراوە و ئێستا كاری پێ دەكرێت لە باشترین حاڵەتدا ماوەی 6 تا 8 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی لە 24 كاتژمێردا بە هاووڵاتییان دەدرێت و ئەوەش ئەگەر هیچ گرفتێكی تەكنیكی لە تۆڕەكانی كارەبادا نەبن".

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر دەشڵێت: "بە گوێرەی پێشبینییەكان پلەكانی گەرما بە ڕێژەیەكی زۆر نزم دەبێتەوە و بەو هۆیەشەوە خواست لەسەر كارەبا زیاد دەبێت، بۆیە دۆخی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا لەوەی هەیە خراپتر دەبێت".

لەسەر پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان حوسێن حەمد ئاشكراشی كرد: "بەپێی ئەو خشتەیەی بۆ ئەم مانگە داندراوە مۆلیدە ئەهلییەكان لە نەبوونی كارەبای نیشتمانیدا لە كاتژمێر 4:30 ئێوارە تا كاتژمێر 12:30ی شەو هەروەها لە كاتژمێر 6:30 سەرلەبەیانییەوە تا كاتژمێر 8ی بەیانی كاربا بە هاووڵاتییان دەدەن".












باسنیوز
Top