حەشدی شەعبی ئاھەنگی داگیرکردنی کەرکووک لە زانکۆی کەرکووک دەگێڕن و سووکایەتی بە قوتابییانی کوردی زانکۆکە دەکەن
بڕیارە رۆژی دووشەممە ٤/١٢/٢٠١٧، حەشدی شەعبی ئاھنەگێک لەناو زانکۆی کەرکووک بەناوی ”سەرکەوتنی ھێزە عێراقییەکان بگێڕێت“.
بەپێی زانیارییەکان، زۆربەی قوتابییان بە تایبەت قوتابییانی کورد لە زانکۆکە بایکۆتی خوێندنیان کردووە و بڕیاریان داوە نەچنە ھۆڵەکانی خوێندن.
حەشدی شەعبی ھێزێکی زۆری بردووەتە ناو حەرەمی زانکۆکە و دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ ئاھەنگەکەی.
رۆژی چوارشەممە ١٨/١٠/٢٠١٧، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە ٦٠ میلیشیای شیعەمەزھەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای ھەرەس پێھێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
