رانیە.. ھاووڵاتییەک لە کاتی قومارکردندا کوژرا

رانیە.. ھاووڵاتییەک لە کاتی قومارکردندا کوژرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژە بەوە دەدات، کە لەکاتی قومارکردندا لە ئەنجامی دەمەقاڵیدا، کێشە دەکەوێتە نێوان دوو ھاوڕێ و کەسێکیان بە فیشەکێک ئەوی تر دەکوژێت.



راگەیەندراوەکەی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، کە وێنەیەکی نێردراوە، تێدا ھاتووە: "کاتژمێر 1:00ی شەو بەرواری 3/12/2017 لەباغێک نزیک کلکەی کۆڵێن لە ڕانیە، لەکاتی قومارکردن و لەئەنجامی دەمەقاڵی دوو ھاووڵاتی و تەقەکردنی ھاووڵاتییەک بەناوی (ا. ش) بە چەکی دەمانچە تەقەی لە ھاووڵاتی (ئـ. ع. ح) تەمەن 39 ساڵ دانیشتووی (کۆیە ـ ئازادی) کردووە و کە فیشەک بەر (سکی) کەوتووە".



پۆلیسی راپەڕین، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە دوای گەیاندنی ھاووڵاتییە بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی رانیە، بەمەبەستی چارەسەرکردن و لەکاتی چارەسەرکردنیدا بەھۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست داوە.



جەختیش لەوە کراوەتەوە، کە تۆمەتبارەکە دانیشتوی شاری کۆیەیە، لە شوێنی ڕووداوەکە ڕای کردووە بۆشوێنێکی نادیار، بەڵام سێ کەسی دیکە کە لە شوێنی ڕووداوەکەبوون، لەبەشی گرتن گواستنەوەی ڕاپەڕین ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە.
bas news-
Top