"کەیهان" پێشبینیی کردبوو، دووەم مووشەکی حوسییەکان بەر دوبەی دەکەوێ

کەناڵی تەلەڤزیۆنیی حوسییەکانی یەمەن، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردەوە، گرووپی "ئەنساڕوڵڵا" مووشەکێکی کڕۆسیان ئاراستەی وێستگەی ناوکیی ئەبوزەبیی پایتەختی ئیماراتی کردووە.

بەگوێرەی کەناڵەکە کە زانیاریی زیاتری نەداوە، "هێزی مووشەکی، مووشەکێکی جۆری کڕۆزی ئاراستەی وێستگەی ناوکیی بەڕاکەی ئەبوزەبی کردووە، کە کۆرییەکان کاری تێدا دەکەن و وا بڕیارە لە ساڵی ٢٠٨ـدا تەواو ببێ.

لە ٦ـی مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ، مانشێتی ڕۆژنامەی کەیهانی ئێرانی ئەوەبوو "پاش ڕیاز، ئامانجی دواتری مووشەکی ئەنساڕوڵڵا دوبەی دەبێ."
لە ١٧ـی یۆنیۆی ئەمساڵیشدا بوو کە فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمەریکا ژەنەڕاڵ (جۆزێف دەنفۆرد) ڕایگەیاند، "ئێران بەردەوامە لە ناردنی مووشەکی کڕۆز، هەروەها ئامێری پێشکەوتوو بۆ پێکانی کەشتیی دەریایی بۆ حوسییە هەڵگەڕاوەکانی یەمەن دەنێرێ."

(دەنفۆرد) گوتوویەتی، "ئێران لە ڕێی دەریاوە مووشەک بۆ حوسییەکانی یەمەن دەنێرێ. کە ئەم چالاکییە دەریاییەی ئێران لە سنووری دەریاوانیی نێودەوڵەتی و دوورگەی عەرەبی، بە لای ئەمەریکاوە هەڕەشەیە.. هاوکات ئەمەریکا ئەمە بە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرایل و ئەردەنیش دەزانێ."
ئەم لێدوانەی فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمەریکا پاش چەند سەعاتێک بوو لەوە کە، لە نزیک کەناراوی ئەلمەخای پارێزگای تەعزی یەمەن، میلیشیای حوسی بە مووشەکی ئااستەکراو هێرشیان کردە سەر کەشتیێکی وڵاتی ئیماراتی.
kdp-
Top