"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر کورد لە عێراق نیگەرانە"
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای جیاوازەوە داوای گفتوگۆی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە، (نیچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دواپەیامی خۆی لە فەرەنسا داوای لە بەغدا کرد پابەندی گفتوگۆ و دانوستان بێت، ئەمە لەکاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێکە داوای لە بەغدا کردووە، گفتوگۆ بکات و ئامادەییشی نیشان داوە بۆ چوونی شاندێک بۆ بەغدا بە مەبەستی چارەی پرسەکان، بەڵام حکوومەتی عێراق هەرجارە و لە ڕێگای کەسێکەوە پەیامی جۆراوجۆر بۆ گفتوگۆ ڕادەگەیەنێت و ئامادەییشیان نیشان نەداوە بۆ گفتوگۆ ئەمە وای کردووە، لایەنەکان و کوردستانیش نیگەران بن، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، مامۆستا (سەڵاحەددین محەمەد بەھائەددین)، بۆ میدیاکانی تورکیا ڕایگەیاند: "ئێمە پێمان وایە پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەبێ بە دەستووری بکرێت بۆ ئەوەی ھەرێمێکی فیدراڵی دەستووری بێت، پێویستە ھەموو پابەند بین بەوەی کە کام لا دەگرێتەوە، گفتوگۆ و دانوستان ئەوە چارە دەکات، کە چ ماددەیەک و ئەرکی ئێمە و ئەرکی ئەوان چییە، ئەو بابەتانە پێویستە بە ئاشتیانە چارە بکرێت و پێویستی بە ھێز و سوپا نییە، چونکە بۆ خۆیان ناوچەی ناکۆکی لەسەرن و تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە، تا ئێستا بەغدا خۆی نادات بەدەستەوە و کات بەفیڕۆ دەدات لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ".
(عەلی دۆڵەمەری)، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "گرنگە بەغدا لەوە تێبگات کە ئەو هەموو پەیامە نێودەوڵەتییە ئاراستەی دەکرێت بێتە سەرخەت و گفتوگۆ هەڵبژێرێت، ئەوەشی لە فەرەنسا کرا کەم نەبوو، یەکەم کۆبوونەوە بوو لە نێوان (نێچیرڤان بارزانی) و سەرۆک (ماکرۆن) کە دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆک، ئەو کۆوبونەوەی ئەنجام دا، ئەمەش دوای ئەو دۆخە ناخۆشەی بەسەر کوردستان هات، بەتایبەت هێرشی حەشد بۆ سەر کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا داوای چوار خاڵی کرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ باری ئاساییی خۆی، یەکەم، ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی ئاشتەوایی بێتە ئاراوە، دووەم، دابەشکردنی داهاتی عێراق بەسەر هەموو پێکهاتەکانی عێراق و گەلی عێراقدا، سێییەم دەبێ بەغدا بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، چوارەم دەبێ ئابڵوقەکانی سەر کوردستان لا ببرێت و میلیشیاکانیش لە عێراقدا بە حەشدی شەعبییەوە نەمێنن".
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتیشی: "فەرەنساش نیگەرانە لەوەی بەغدا دەرگای گفتوگۆی داخستووە و داوای کردووە دەبێت دایلۆگ و گفتوگۆ هەڵبژێرن، لە هەمان کاتدا ئەم کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی و سەرۆکی فەرەنسا بۆ ئەوە بووە، بۆچونی هەرێم وەربگرن تا بتوانن لەو ڕووەوە کاری لەسەر بکەن و کەشێک بڕەخسێنرێت بۆ گفتوگۆ، خۆیشی یەکێکە لە ئەندامانی ناتۆ داوای لە (عەبادی) کردووە کە گفتوگۆ باشترین چارەسەرە و خۆیشی پەیوەندیی بە (عەبادی)یەوە دەکات بۆ ئەوەی هەرچی زووە کۆبوونەوەی هەرێم و بەغدا بکرێت بۆ چارەسەری گرفتی ناوچەکە".
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئەوەش دەخاتە ڕوو: شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاشتی و دانوساندنە و داوای کردووە کە دانووساندن بکرێت، بۆیە ئێستاش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نیگەرانە لەوەی بەغدا بۆچی دەرگای گفتوگۆی نەکردووەتەوە.
هاوکات، (د. ئیسماعیل خەلیل)، مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دەستوور لە سەرووی ھەمووانەوەیە و ھەمووان بەشدار بووین لە نووسینەوەی دەستوور و دواتریش لە دەنگدان بەو دەستوورە لە ساڵی ٢٠٠٥، ھەموو پێشێلکارییەک لە دەستووردا زیان دەدات و فعل و ڕەدفعل دروست دەکات، ماددەی ١٤٠ یەکێک بوو لەو ماددانەی دەبوو لە ساڵی ٢٠٠٧ تەواو بوایە، بەڵام ئێستا ٢٠١٧یە و تەواو نەبووە، جێبەجێنەکردنی دەستوور شەرعیەتی دەستووری خستە ژێر پرسیارەوە، ئیستاش کە هەرێمی کوردستان داوای گفتوگۆ دەکات، بەغدا دەرگای گفتوگۆی داخستووە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نیگەرانە و پێی وایە ناکرێت بەغدا بەو شێوەیە مامەڵە بکات، کۆنگرێسی ئەمەریکا بە هۆی ئەو سەرکێشییەی عێراقەوە داوای کردووە، کە بەشێک لە حەشد هەڵوەشێتەوە، ئەمانە دەرخەری ئەوەن، کە بەغدا هەنگاوی نایاسایی ناوە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "چونکە لە ھەموو حاڵەتەکاندا مادام حکوومەتی ھەرێم ئامادەیە بۆ گفتوگۆ ھەق وایە ئەویش ئامادە بێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەو کێشە و گلەییانەی کە ھەیە و چی ماوە لە کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر ھەر لە دوورەوە بێت و شەڕی ڕاگەیاندن و شاشەکان بێت، بابەتەکە ئاڵۆزتر دەکات، زیاتر لەوەی بابەتێکی جددی بێت لەوەی ئەم دوولایەنە بگەنە ئەنجامێکی ئیجابی، کە ئەوە خوازراوە و ھەردوو حکوومەتی ئیتیحادی و ھەرێمیش ھەر ئەوەیان دەوێت، بەرژەوەندیی ھەردوولاش لەوەدایە کە لەسەر بناغەی دەستوور گفتوگۆ بکرێت و ماف و ئەرکەکان دیاری بکرێت."
kdp-
