پەرلەمان نەیتوانی بوودجە بخوێنێتەوە
ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنانی پەرلەمانی عێراق، (نەجیبە نەجیب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی دوو ڕۆژە ھەوڵی ئەوە دەدرێت خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد و سوننە ڕازی نین و تێبینیی زۆریان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە ھەیە، ئەمڕۆش نەتواندرا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت و نیسابی یاساییی ئەندامان تەواو نەبوو، بۆیە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ کرا بە ڕاوێژی و پڕۆژەیاساکەش ئاراستەی لیژنەی دارایی کرا و لیژنەی دارایی کێشەکانی ناو بوودجە لەگەڵ حکوومەت چارە دەکات، بۆیە گەر گەیشتنە ڕێککەوتن لەم مانگەدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت و بەپێچەوانەوە گفتوگۆ لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایە دەچێتە دوای پشووی زستان کە دەکەوێتە ساڵی نوێ.
لەبارەی پشکی کورد، ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، بە ھەموو شێوەیەک لەو پڕۆژەیاسایەدا غەدر لە کورد کراوە و مافی کورد دابین نەکراوە، لە ١٧% و بوودجەی پێشمەرگە و گۆڕینی ناوی ھەرێمی کوردستان و بچووککردنەوەی بۆ پارێزگاکان، بۆیە پێویستە ھەرێمی کوردستان و بەغدا ڕێککەوتنێک بکەن و لە ڕێگەی سیاسی ئەو کێشانە چارە بکەن، چونکە ئەگەر گەیشتنە ڕێککەوتن ئەوکات حکوومەت ھەموارێک بۆ پەرلەمان ڕەوانە دەکات و چارە دەکرێت.
کورد لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق دوو تێبینی جیددی لەسەر پڕۆژەیاساکە ھەیە، ئەویش دیاریکردنی بەشە بوودجەی ھەرێم بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگاکانی ھەرێم، کە تا ئێستا سەرژمێری نەکراوە، تا بزانرێت ڕێژەی دانیشتووان چییە و مافی ھەرێم لە دەستوور ١٧%ە، دووەم گۆڕینی ناوی ھەرێم بۆ پارێزگاکان لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان لە دەستووردا ددانی پێدا نراوە و خاوەن حکوومەتی خۆیەتی .
kdp-
