دوو توێژەری بواری ئیسلامی سیاسی: لە داهاتوودا کۆمەڵی ئیسلامی مەترسی لە کوردستان دروست دەکات

 دوو توێژەری بواری ئیسلامی سیاسی: لە داهاتوودا کۆمەڵی ئیسلامی مەترسی لە کوردستان دروست دەکات
توێژەرێک لە بواری ئیسلامی سیاسی هۆشداری لەبارەی ڕێگەدان بە کارکردنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەدات و ڕای دەگەیەنێت کە ئەگەر بەو شێوەیە ڕێگە بە کارکردنیان بدرێت، لە داهاتوودا مەترسی لەسەر کاری سیاسیی کوردستان دروست دەکات.

سۆران سێوکانی، توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی ڕایگەیاند: "ئەو رێککەوتنەی لەنێوان ھێزە ئیسلامییەکان ھەبوو، ھەر زوو ھەڵوەشایەوە، بەتایبەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دواتر ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی سێ حزبە ئیسلامییەکە، نەخشەی ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەش عەلی باپیر بوو، لەپێناوی بەرژەوەندیی خۆی ئەو رێککەوتنەی کردە قوربانی“.

ئاماژەشی بەوە کرد کە لایەنە ئیسلامییەکان تا ماون، ”باجی نەبوونی یەک ھەڵوێستییان دەدەن و ئەگەر سیاسەتی کۆمەڵ بەو شێوەیە ڕێگای پێبدرێت، ڕەنگە گەورەترین مەترسی لەسەر داھاتووی کاری سیاسی لە کوردستان بکات، چونکە ئەمانە لە ھەبوونی کەشێکی ئازاد لەسنووری خۆیان لادەدەن".

بە بڕوای سێوکانی، تاکتیکی نھێنی لەنێوان گۆڕان و کۆمەڵ ھەبوو، بەو هۆیەوە بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی کرانە ئامانج، بۆیە شەڕی داھاتووی ئەم ھێزانە گەورەتر دەبێت لەھێزەکانی دیکە.

ھاوکات عومەر ئیسماعیل، توێژەر لە بواری ئیسلامی سیاسی کە ماستەرنامەکەی لەسەر ھزری ئیسلامی سیاسییە ڕاگەیاند: "ھەڵبژاردنی داھاتوو کارەسات دەبێت بۆ کۆمەڵی ئیسلامی، چونکە مۆڕاڵی ھاوپەیمانیی حزبە ئیسلامیەکانیان تێک دا، ئێستاش ناوە بەناوە ھێرش دەکەنە سەر یەکگرتوو، چونکە دەیانەوێت دەنگی خەڵک لەدژی یەکگرتوو زیاد بکەن".

ھەروەھا عومەر ئیسماعیل، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ”کۆمەڵ یەکێکە لەھێزە توندڕەوەکان، ئەگەر بێت بەم شێوە ڕێگا بەکاری سیاسی بدرێت، دوور نییە لە داھاتوو مەترسی درووست بکات“.











باسنیوز
Top