بیرمەندێکی عەرەب: پێویستە لە دژی ئێران هاوپەیمانیی لەگەڵ ئیسرائیل بکەین
بیرمەندێکی ناسراوی عەرەب رایدەگەیەنێت، کە پێویستە هاوپەیمانییەکی عەرەبی و ئیسرائیلی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێک بهێنن.
عەبدوڵڵا هەدلەق، نووسەر، رۆژنامەنووس و بیرمەندی کوێتی لە بەرنامەیەکی کەناڵی (ئەل رەئی) رایگەیاندووە، هەموو وڵاتە دیموکراتییەکان دان بە دەوڵەتی ئیسرائیل دەنێن، ”تەنیا دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکان دان بە ئیسرائیلدا نانێن“.
عەبدوڵڵا دەهلەق بە ئاماژەکردن بە ئایەتێکی قورئان (کتێبی پیرۆزی موسڵمانان)، رایگەیاندووە، ئەو خاکەی ئێستا ئیسرائیلی لەسەر دامەزراوە، بە درێژایی مێژوو خاکی جولەکەکان بووە و ئەوان لە ساڵی 1948 گەڕاونەتەوە سەر خاکی خۆیان.
ئەو بیرمەندە کوێتییە رەتی دەکاتەوە ئیسرائیل بە داگیرکەر ناو بنێت و رایدەگەیەنێت، پێش دامەزراندنی ئیسرائیل دەوڵەتێک نەبووە بە ناوی فەلەستین تا داگیر بکرێ.
عەبدوڵڵا دەهلەق هەروەها بەپێویستی دەزانێ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئیسرائیل و ئەمریکا هاوپەیمانییەکی سێ قۆڵی پێک بهێنن لە دژی ئێران و میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی و لەناوی ببنەن.
حزبوڵڵا میلیشیایەکی لوبنانیی چەکدارییە و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی دەکرێت
باسنیوز
