سەرحەد قادر: لە گەرمیان ئەگەری سەرھەڵدانی گرووپی چەکداری ھەیە

 سەرحەد قادر: لە گەرمیان ئەگەری سەرھەڵدانی گرووپی چەکداری ھەیە
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات ئەگەری سەرھەڵدانی گرووپی جۆراوجۆری چەکداری لە سنووری گەرمیان زۆر بووە.



عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک ڕاگەیاند: "ھەندێک لە کوردە داعشەکان خۆیان گەیاندووەتە چەند ناوچەیەکی حەمرین و لەوێشەوە بۆ نێوان کفری و خورماتوو چوونە، ئێستاش ئەگەری سەرھەڵدانی گرووپی نوێی چەکدار ھەیە".



بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو گرووپە چەکدارەی لە ناوچەیەکی نێوان قەزای کفری و خورماتوودا پەیدا بوون، ناسنامەیان دیار نییە و ھەر جارە و قسەیەکیان لەسەر دەکریت، بەڵام بە ھەر جۆرێک بێت، مەترسی لەسەر ئەمنیەتی ئەو ناوچانە ھەیە و کورد و تورکمان و عەرەب و بیانیشیان تێدایە و باسیش لەوە دەکەن بیرە نەوتیان داگیر کردبێت".



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.




باسنيوز
Top