تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتیانی كورد لە خورماتوو کاردانەوەی خۆبەخشەکانی لێ کەوتووەتەوە

 تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتیانی كورد لە خورماتوو کاردانەوەی خۆبەخشەکانی لێ کەوتووەتەوە
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ڕای دەگەیەنێت، سووتاندن و تەقاندنەوەی خانووی كوردانی خورماتوو، بووەتە پیشەی هەمیشەیی میلشیاكانی حەشدی شەعبی و ئەمەش بووەتە هۆی کاردانەوەی خۆبەخشەکان.



كاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو، ڕاگەیاند: "سووتاندن و تەقاندنەوە و بەتاڵانبردنی خانووی هاووڵاتییانی كوردی خورماتوو، لە لایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بووەتە پیشەی هەمیشەییان".



ئاشكراشی كرد زیاتر چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق و حەشدی توركمانی دەستیان داوەتە ئەو كردەوانە.



ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو کردەوانە سنووری خورماتوو كاردانەوەی خۆبەخشەكانی لێ كەوتەوە و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەوتبوونە كەمینێكی خۆبەخشەكانەوە و لە ئەنجامدا شەڕ ڕووی دا و میلیشیاكان زەبری كوشندەیان خوارد".



بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) ئێوارەی دوێنی شەممە 2/12/2017، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی خانووی هاووڵاتییەكی كوردیان لە گەڕەكی كوردنشینی "كۆماری"ی خورماتوو تەقاندەوە.



ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی یەكێتی، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە".



باسنيوز
Top