حەشدی شەعبی ئاسایشی یەکێتی ئاگادار کردووەتەوە کە چەند ناوچەیەک چۆڵ بکەن
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھاتوونەتە شێخ باوە و بە ئاسایشی یەکێتییان گوتووە کە دەبێ ناوچەکە چۆڵ بکەن و بڕۆنە کەلار و ئێمە لێرە دەمێنێینەوە، دەیانەوێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئاسایشی یەکێتی لە ناوچەکەدا بمێننەوە".
بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە حەشدی شەعبی دەیەوێت بە کەڵەگای لە ناوچەکەدا بازگە دابنێت و کۆنترۆڵی ڕێگاکانی جەلەولا - کەلار و ھێڵی قەرەتەپە - جەبارە بکات، بەوەش ئەو ناوچانەی کە پێش ساڵی ٢٠٠٣ لێی بوون کۆنترۆڵی بکەن، گوتیشی: "پێم وانییە کە ئاسایشی یەکێـتی و میلیشیای حەشدی شەعبی رووبەڕووی یەک ببنەوە، بەڵکو لەوانەیە بەزۆر میلیشیای حەشدی شەعبی ناوچەکە بە ئاسایشی یەکێتی چۆڵ بکات".
ئاشکراشی کرد، کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢/١٢/٢٠١٧ ھێزێکی دیکەی عێراقی چوونەتە سەر گوندی نەدا، کە سەربە شارەدێی مەندەلییە و سێ کەسیان کوشتووە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
