مەحموود سەنگاوی: ڕێگە بەهیچ هێزێک نادەین بیەوێ بێتە ناوچەی شێخ باوە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە 2/12/2017، دەنگۆی ھاتنی ھێزێکی ئەمنیی عێراقی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەی (شێخ باوە)ی نێوان شاری کەلار و شارەدێی جەلەولا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بڵاو بووەوە. مەحموود سەنگاوی، بەرپرسی ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری گەرمەسێر، ڕایگەیاند: "تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، ھیچ ھێزێکی عێراقی نەھاتووەتە ناوچەکە، بەڵام نزیکەی 20 پۆلیسی فیدراڵی هاتوونەتە ناوچەکە، جگە لەوەش ھیچ ھێزێکی دیکە لەو ناوچەیە نییە“.
مەحموود سەنگاوی ئاشکرای کرد: ”ئێمە ڕێگە بە ھاتنی ھیچ ھێزێک بۆ ئەو ناوچانە نادەین“.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
