شاسوار عەبدولواحید هیچ یەکێک لە کۆمپانیا و کەناڵەکانی نەفرۆشتووە

 شاسوار عەبدولواحید هیچ یەکێک لە کۆمپانیا و کەناڵەکانی نەفرۆشتووە
خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی (نالیا) کە بانگەشەی فرۆشتنی کۆمپانیا و پڕۆژەکانی دەکات، هیچ یەکێک لەو پڕۆژە و کۆمپانیایانەی نەفرۆشتووە و بە مەبەستی خۆدزینەوەی لەو قەرزانەی حکوومەت کە لەسەریەتی، ئەو بانگەشەیەی کردووە.

بە بڕیاری شاسوار عەبدولواحید، 15%ی مووچەی تەواوی کارمەندانی هەردوو کەناڵی کۆمپانیای (نالیا) کەم دەکرێتەوە، بەو هۆیەشەوە نیگەرانی لەنێو کارمەنداندا دروست بووە.

ئەو کارمەندانە لەوەش نیگەرانن کە شاسوار عەبدولواحید ھەر پرۆژە و کەناڵێکی دیکە دادەمەزرێنێت، مووچەی کارمەندانی پێشووی کەم دەکاتەوە و ”لەسەر حسابی ئێمە کەناڵی نوێ دەکاتەوە“.

شاسوار عەبدولواحید، ھیچ یەکێک لە کۆمپانیا و کەناڵەکانی خۆی نەفرۆشتووە و ڕۆژانە سەردانی ئۆفیسە تایبەتەکەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی دەکات، بەڵام لەپێناو خۆدزینەوە لەو پابەندییانەی کە بەهۆی قەرزەکانی حکوومەت لەلایەک و پارەی خاوەن پشکەکانی (چاڤی لاند) لەلایەکی دیکە کەوتووەتە سەری، شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی فرۆشتنی کۆمپانیا و پڕۆژەکانی دەکات.

ڕۆژی 23/11/2017، جەمال حەمەڕەشید، پارێزەری خاوەن پشکەکانی (چاڤیلاند)، ڕایگەیاند: "دەبووایە پێش ئەوەی شاسوار عەبدولواحید، پڕۆژەی (چاڤیلاند) بفرۆشێت، کێشەی خاوەن پشکەکانی یەکلایی بکردایەتەوە، بۆ ئەوەی ئەم کێشانەی ئێستا درووست نەبووایە“.

ڕۆژێک دوای بانگەشەکەی شاسوار عەبدولواحید بۆ فرۆشتنی کۆمپانیا و میدیاکانی، توانا عوسمان، بەڕێوەبەری دامەزراوەی میدیایی (نالیا) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دوای زیاتر لە 7 ساڵ و 8 مانگ لە کارکردنیدا لەگەڵ کەناڵی (NRT)، ڕایدەگەیەنێت کە کاتی ئەوە هاتووە، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی (نالیا) ببێت و ئیتر وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ کاری خۆی بکات.











باسنیوز
Top